ئاکپارتی بۆ هەسەدە: رێککەوتنی ئادار جێبەجێ بکەن و پارتی سیاسی دابمەزرێنن


رووداو دیجیتاڵ

عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی بە پێویستی زانی رێککەوتنی مانگی ئاداری نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر جێبەجێ بکرێ. ئاماژەی بەوەشکرد، هەسەدە دەتوانێ پارتی سیاسی لە سووریا دابمەزرێنێ و چالاکی سیاسی بکات. 
 
ئەو قسانەی عومەر چەلیک، رۆژی سێشەممە 25-11-2025 بوو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا. گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند، لە هەموو جیهاندا وڵاتان چۆن هێزی رەق بەکاردێنن، هێزی نەرمیش بەکاردەهێنن. گوتیشی: "لەو خاڵەی ئەمڕۆ پێی گەیشتووین، بەگوێرەی دەرفەت و توانای دەوڵەتی یاسایی هەنگاو دەنرێ. تەوەری سەرەکی بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوی تیرۆریستی و چەکدانان. خاڵی سەرەکی ئەوەیە پەکەکە بە هەموو باڵ و پاشکۆکانییەوە خۆی هەڵوەشێنێتەوە و چەک دابنێت". 
 
"مامەڵەکردن لەئارادا نییە"
 
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی گوتی: "تورکیای بێ تیرۆر سیاسەتی دەوڵەتە. ئەگەر کەسێک رەخنەی هەبێت، بێگومان گوێی لێ دەگرین، بەڵام رێگە بەوانە نادەین کە دەچنە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە و بەبێ هەبوونی هیچ پێشنیازێک بۆ چارەسەر، بە هەڵوێستی نکۆڵیکردن و بەشێوەیەکی ناڕەوا هەوڵی ژەهراویکردنی پڕۆسەکە دەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا ئیمە تێدەکۆشین".
 
لەکاتێکدا لەنێو تورکیادا رەخنەی لەو جۆرە لە دەسەڵات دەگیرێ گوایە دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ پەکەکە دەکات، گوتەبێژی ئاکپارتی گوتی: "با گەلی ئێمە دڵنیا بێت کە پشتئەستوور بە ستانداردی دەوڵەتەکەمان، هیچ مامەڵەیەک لەئارادا نییە. نابێت کەس ئەوە لەبیر بکات کە ئەو پشتیوانییەی لە شوێنی خۆیەوە بەم پرسەی دەدات، پشتیوانییە بۆ یەکێتی و ئارامیی وڵاتەکەمان. کۆماری تورکیا کۆنترۆڵی ئەجێندای خۆی دەکات. تەواوی دامەزراوەکانی دەوڵەت ستراتیجییەکی یەکگرتوو و نەخشەڕێگەیەکی بەرهەمداریان خستووەتەڕوو. پشتیوان بە خودا، هەوڵدەدەین تیرۆر لە ئەجێندای وڵاتەکەمان و ناوچەکەشمان نەهێڵێن".
 
"نابێت هەسەدە ببێتە هەڕەشە بۆسەر تورکیا"
 
پرسیاری چارەنووسی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە سووریا و هەڵوێستی ئەنقەرە ئاراستەی عومەر چەلیک کرا، بەتایبەتی کە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئامادەیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ ئەنقەرە نیشانداوە.
 
چەلیک گوتی: "قسەی ئێمە روونە. ئێمە گرنگی بە گوتار نادەین، واتە لەسەر لێدوانی ئەم و ئەو قسە ناکەم. ئەوەی گرنگە لێرەدا قسەی کەسەکان نییە، بەڵکو ئەوەیە رووداوەکان بەرەو کوێ دەچن؛ میکانیزمی کارەکە بەرەو کوێ دەچێ. ئەگەر کەسێک بڵێ؛ من نەیاری کۆماری تورکیا نیم و نابمە هەڕەشە بۆ سەر کۆماری تورکیا، دەبێت ئێمە ئەمە بە کردەیی ئەوە ببینین. ئەگەر ئێمە بە کردار ببینین کە خەریکی پیلانن دژی کۆماری تورکیا و لە ئامادەکاریی سەربازیدان بۆ ئەوەی رۆژێک هێرش بکەن، ئەوا گوتنی 'نابينە هەڕەشە بۆ سەر تورکیا' لای ئێمە هیچ واتایەکی نییە".
 
ئاکپارتی لەبارەی هەسەدە: با پارتی سیاسی دابمەزرێنن
 
گوتەبێژی ئاکپارتی گوتی: "ئەوەی ئێمە دەیبینین ئەمەیە: رێکخراوی تیرۆریستیی هەسەدە، باڵی رێکخراوی تیرۆرستیی پەکەکەیە و لە چوارچێوەی تورکیای بێ تیرۆر و ناوچەی بێ تیرۆردا دەبێ لەوە دەربچێت کە هەڕەشە بێ بۆسەر تورکیا. رێگەی ئەوان روونە و تورکیاش ئەمە پەسند دەکات. کاتێک رێککەوتننامەی 10ی ئادار جێبەجێ دەکەن، ئەو هێزانە خۆیان لەوە دەردەهێنن کە ببنە هەڕەشە بۆسەر تورکیا، دواتر ئەوانەی لە تیرۆر تێوەنەگلاون لە سووریادا پارتی سیاسی دادەمەزرێنن و هەوڵدەدەن لە نێو سیاسەتی سووریادا رۆڵی چالاک بگێڕن". 
 
گوتەبیژەکەی ئاکپارتی زیاتر لەبارەی هەسەدە قسەی کرد و گوتی: "لە چوارچێوەی تورکیای بێ تیرۆردا، نابێت چیدیکە ببێتە هەڕەشە بۆسەر تورکیا. هەستیارییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی کۆماری تورکیا دواخستن قبووڵ ناکات و دەبێ ئەوە جێبەجێ بکرێ. با تەوەرەکەمان لێ ون نەبێ. ئێمە هەنگاوەکانی ئەو پێکهاتانەی دەبنە هەڕەشە بۆ سەر تورکیا و هەنگاوەکانیان بۆ نەهێشتنی ئەم هەڕەشەیە دەبینین و تۆماری دەکەین، هەنگاوە نەرێنییەکانیش دەبینین."
 
چەلیک باسی هەڵوێستی ئاکپارتی و مەهەپەی کرد و گوتی: "هاوپەیمانیی جمهوور ئاماژەی بەوە کردووە کە دەبێت هەسەدەش چەک دابنێت و پابەندی رێککەوتنی 10ـی ئادار بێت. بۆیە ئەوەی ئێمە چاوەڕێی دەکەین ئەمەیە: پرسەکە کەسەکان نین. پرسەکە ئاسایشی ناوچەکەیە و هاوکات ئاسایشی کۆماری تورکیایە".
 
مەزڵووم عەبدی ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا نیشانداوە و بەرپرسانی دەم پارتیش پشتگیریی ئەو هەنگاوەی دەکەن و پێشنیاز دەکەن ئەنقەرە لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆببێتەوە.