شوێنەوارێکی رووها چووە نێو لیستی 10 یەکەمینەکانی جیهان
رووداو دیجیتاڵ
شوێنەواری کەچەل، کە مێژووەکەی 12 هەزار ساڵە و دەکەوێتە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان، چووە نێو دە یەکەمینەکانی گۆڤاری ئارکیۆلۆجی مەگەزین.
شوێنەواری مێژوویی کەچەل، کە کاراهانتەپە ناوە تورکییەکەیەتی، وەک یەکێک لە گرنگترین شوێنەوارە دۆزراوەکانی ساڵی 2025 لە لیستی گۆڤاری بەناوبانگی جیهانی "Archaeology Magazine"دا جێگیر کرا و وێنەکەشی خرایە سەر بەرگی گۆڤارەکە.
کەچەل کە لە چوارچێوەی پڕۆژەی "گردە بەردینەکان لە رووها لە رێی گەڕان و کنەو پشکنین دۆزراوەتەوە، بە مەڵبەندی 'چاخی نوێی بەردین' دادەنرێت. ئەو پارچە سیمبولییانەی لە ناوچەکەدا دۆزراونەتەوە لەگەڵ توێژینەوەکان، زانیاریی نوێ دەربارەی رەگ و ریشەی ژیان، ئاوەدانی و کۆمەڵگە مرۆییە سەرەتاییەکان دەخەنە روو.
ئەمە وایکردووە پسپۆران جارێکی دیکە بە گێڕانەوە مێژووییەکاندا بچنەوە.
"چووە ناو لیستی 10 گرنگترین دۆزینەوەکانی ساڵی 2025"
محەممەد نووری ئەرسۆی، وەزیری کولتوور و گەشتیاریی تورکیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیدا بڵاویکردەوە، ئەو کۆششە زانستییانەی لە چوارچێوەی پڕۆژەی "گردە بەردینەکان"دا دەکرێن، تێگەیشتنی ئێستا لەبارەی مێژووی مرۆڤایەتی سەرلەنوێ دادەڕێژنەوە.
ئەرسۆی لە پۆستەکەیدا شوێنەواری کەچەل کە ئەو بە (کاراهانتەپە) ناویدەهێنا، بە جیهانی ناودەبات و دەڵێت: "ئەم شوێنەوارە بەشێکی گرنگی پڕۆژەی 'گردە بەردینەکان'ـە و رۆژی 26ی تشرینی دووەم پێنجەمین ساڵیادی پڕۆژەکەمان پیرۆز کرد. یەکێک لە بڵاوکراوە بەناوبانگەکانی جیهان 'Archaeology Magazine' شوێنەواری کەچەلی وەک یەکێک لە 10 گرنگترین دۆزینەوەکانی ساڵی 2025 دەستنیشان کرد و وێنەکەشی خستە سەر بەرگی گۆڤارەکەی".
وەزیری کولتوور و گەشتیاریی تورکیا سوپاسی هەریەک لە پارێزگار و سەرۆکی گەورەشارەوانیی رووها کردووە بەوەی بازاڕکاریی باشیان بۆ شوێنەوارە مێژووییەکانی پارێزگاکە کردووە.
شوێنەوارەکانی کەچەل و خەرابڕەشک لە پەیامەکەی ئۆجەلانەوە
کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی' رۆژی 7-12-2025 لە ئیستەنبووڵ بەرێوەچوو.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پەیامێکی تایبەت بەو کۆنفرانسە نووسیبوو کە لەلایەن وەیسی ئاکتاش خوێندرایەوە.
لە بەشێکی پەیامەکەدا ئۆجەلان باسی شوێنەوارەکانی کەچەل و خەرابڕەشکی رووها دەکات و دەڵێت: "هێزە دژە سیستمەکان دەبێت ماتریالیزمی مێژوویی بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ واقیعی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی سەرلەنوێ تاوتوێ بکەنەوە. گرنگە بزانرێت کە سەرمایەداری لە سەدەی 16دا 'لە ئاسمانەوە دانەبەزیوە'، بەڵکو رەگەکانی بۆ پەرەسەندنی شارستانیەتیی 10-12 هەزار ساڵە لە خوارووی میزۆپۆتامیا دەگەڕێتەوە. ناوەندەکانی وەک گۆبەکلیتەپە (گردی خەرابڕەشک) و کاراهانتەپە (گردی کەچەل) ئەم دەستپێکە مێژووییە رۆشن دەکەنەوە".
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەو پەیامەیدا هەمان ئەو قسەیە دەکات کە ئێستا پسپۆران و بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا پەنجەیان خستووەتە سەر.
ئۆجەلان دەڵێت: "پێناسەکردنی سیستمی شارستانیەتی ئێستا بە 'سیستمی بکوژی چینی کۆمەڵایەتی بە راستتر دەبینم. دۆزینەوە شوێنەوار و ئەنترۆپۆلۆجییەکان دەریدەخەن کە راوچییە نێرینەکان بەو تەکنیکانەی کوشتن کە پەرەیان پێیداوە، ژنیان سەرکوت کردووە و بە کۆیلەیان کردوون. ئەمە ریشەدارترین کەڵێنە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. هاوکات دژە-شۆڕشێکی گەورەیە کە هەموو پەرەسەندنەکانی دواتری شارستانیەتیی دیاری کردووە".
شوێنەواری خەرابڕەشک
هەر کاتێک ناوی شوێنەواری کەچەل بکرێ، بەدوایەوە ناوی شوێنەواری خەرابڕەشک دێت.
شوێنەواری خەرابڕەشک یان گۆبەکلیتەپە لە لیستی شوێنەوارە کولتوورییەکانی یونسکۆ تۆمار کراوە، کۆنترین شوێنەواری باکووری کوردستان و تورکیایە و بە گوتەی مێژوونووسان، مێژووەکەی بۆ 12 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. هەر لەبەر ئەو شوێنەوارە دێرینانەیە بە رووها دەگوترێت، خاڵی سفری ژیان.
شوێنەواری گردی خرابڕەشک بۆ یەکەمجار ساڵی 1963 لە چوارچێوەی هاوئاهەنگییەکانی نێوان زانکۆی ئیستەنبووڵ و زانکۆی شیکاگۆ دەستنیشان کرا، بەڵام بەهای راستەقینەی ئەو شوێنەوارە مێژووییە ساڵی 1994 دوای دەستکردن بە کارەکانی کنە و پشکنین دەرکەوت.
لە خرابڕەشک، لە ئەنجامی هەڵکەندنەکاندا یەکەمین پەرستگەی مرۆڤایەتی دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی بۆ 12 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و بە کۆنترین پەرستگەی مرۆڤایەتی هەژمار دەکرێت.
لەو ناوچەیەی رووها کە هەر یەک لە کەچەل و خەرابڕەشکی لێیە، 16 پەرستگەی دیکە هەن و پێویستیان بە 50 ساڵ کنە و پشکنینە.
لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا 680 هەزار و 290 گەشتیاری نێوخۆیی و بیانی سەردانی ئەو شوێنەوارەیان کردووە.