وەزیری دادی تورکیا: ئازادکردنی زیندانییان لە گرتووخانەکان دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، لە چوارچێوەی پاکێجی 11ـی دادوەری دا، پرۆسەی ئازادکردنی ئەو حوکمدراوانەی مەرجەکان دەیانگرێتەوە، دەستیپێکردووە.
یڵماز تونچ، رۆژی پێنجشەممە، 25 ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پۆستێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە چوارچێوەی پاکێجی 11ـی دادوەری دا، رێکخستنەوەیەکی گرنگ لە سیستمی جێبەجێکردنی سزادا کاری پێکراوە و ئازادکردنی زیندانییان لە گرتووخانەکان دەستیپێکردووە.
بەگوتەی وەزیر تونچ، ئەو مافانەی لە زیندانی داخراودا تاوەکو رۆژی 31ـی تەممووزی 2023 هەیانبوو، وەکو گواستنەوەی پێشوەختە بۆ زیندانی کراوە و سوودمەندبوون لە ئازادکردنی مەرجدار، بۆ ئەو کەسانەش کاری پێکراوە کە بەهۆی تاوانەکانیانەوە کە لە هەمان رێککەوت یان پێشتر کردوویانە و حوکمدراون. بەمەش ئامانج ئەوەیە کە ئەو جیاوازییانەی لە نێوان حوکمدراواندا هەیە لە رووی کارتی کردنی تاوانەوە نەمێنن و بنەمای یەکسانی لە جێبەجێکردنی سزادا بەهێزتر بکرێت.
بەپێی رێکخستنەوەکە، بۆ ئەو تاوانانەی لە 31ـی تەممووزی 2023 و پێشتر کراون، دەرفەت بە حوکمدراوان دەدرێت کە 3 ساڵ زووتر بگوازرێنەوە بۆ زیندانی کراوە و 3 ساڵ زووتر بە ئازادکردنی مەرجدار ئازاد بکرێن.
لەلایەکی دیکەوە، هەندێک تاوان لە چوارچێوەی رێکخستنەوەکەدا بەدەرکراون. لەوانە جۆرە قورسەکانی کوشتنی بە ئەنقەست، تاوانەکانی کوشتن بەهۆی رووخانی باڵەخانەکانەوە بەهۆی بوومەلەرزە، تاوانەکانی دژی پارێزبەندیی سێکسی و تاوانەکانی تیرۆر و ئەو تاوانانەی لە چوارچێوەی چالاکیی رێکخراوەیییدا کراون، لەم رێکخستنەوەیە سوودمەند نابن.
وەزیری دادی تورکیا راشیگەیاند، ئامادەکاریی پێویست لە دامەزراوەکانی جێبەجێکردنی سزادا (زیندانەکان) تەواو بووە و لە ئەمڕۆوە رێکارەکان بۆ ئەو حوکمدراوانەی کە لەم رێکخستنەوەیە سوودمەند دەبن، دەستیانپێکردووە.
پەرلەمانی تورکیا شەوی چوارشەممە 24 ـی کانوونی یەکەمی 2025، پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای سزادانی تورکیا و هەندێک یاسای دیکەی پەسند کرد کە لەنێو رای گشتیدا بە "پاکێجی 11ی دادوەری" ناسراوە.
بڕیارەکە رۆژی پێنجشەممە 25 ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە رۆژنامەی فەرمی ئەو وڵاتەدا بڵاوکرایەوە و چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
پڕۆژەیاساکە کە لە 38 ماددە پێکهاتبوو و پێشکێشی کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان کرابوو، ئەو رێکخستنەش لەخۆدەگرێت کە نزیکەی 55 هەزار حوکمدراو دەگرێتەوە کە پێش 31ی تەممووزی 2023 تاوانیان کردووە، بەڵام لەبەرئەوەی سزاکەیان یەکلایی نەبووەتەوە، نەیانتوانیوە سوود لە یاسای پێشووتر وەربگرن.
لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەماندا، ماددەکانی 30، 31 و 32ی پڕۆژەیاساکە دەرکران، کە تایبەت بوون بە رێکخستنی بڵاوکراوەکان لە ئینتەرنێت و بەرەنگاربوونەوەی ئەو تاوانانەی لەو رێگەیەوە دەکرێن، هەروەها 5 ماددەی نوێش بۆ پڕۆژەکە زیادکران.
دوای مشتومڕەکانی نێو پەرلەمانی تورکیا، بواری جێبەجێکردنی رێکخستنەکانی تایبەت بە کۆرۆنا بەرتەسک کرایەوە و ئەو کەسانەشی کە تاوانیان لەکاتی بوومەلەرزەکەدا کردبوو، لە یاساکە دەرکران.