پەرلەمانتارێکی جەهەپە لەسەر پرسی کوردبوون رەخنە لە پەرلەمانتارێکی دیکەی پارتەکەی دەگرێ

 
رووداو دیجیتاڵ

ئینان ئاکگیون ئاڵپ، پەرلەمانتاری بازنەی قەرسی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رەخنەی لە ئومیت دیکبایر، پەرلەمانتاری بازنەی ساکاریای پارتەکەی دەگرێ لە بەرامبەر ئەوەی گوتبووی: "گەلی کورد نییە، بەڵکو بە رەچەڵەک کورد هەن". 
 
ئاڵپ لەنێو هۆڵی پەرلەمان و لە سەکۆی گوتاردانی پەرلەمانەوە رەخنەی لە پەرلەمانتاری پارتەکەی گرت و گوتی: "هەفتەی رابردوو پەرلەمانتارێکی ئێمە چەند گوتەیەکی بڵاوبوونەوە کە بە مانای نکۆڵیکردن لە کورد دێن. ئەم گوتانە لە ناوچەکەدا (باکووری کوردستان) چەند برینێکی کۆنی کولاندەوە".
 
ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپە کە لە بازنەی قەرسی باکووری کوردستانە رووی دەمی لە خەڵک کرد و گوتی: "بۆ هەموو ئەوانەی دڵیان بەم گوتانە شکاوە، هەروەها ئەوانەی لە هەڵبژاردنەکان دا دەنگیان بە جەهەپە داوە، هەروەها ئەوانەش کە داوایان لێکردم وەک پەرلەمانتارێکی ناوچەکە قسەی لەسەر بکەم، دەڵێم، من لە بەردەم مێژوو و کۆمەڵگە، هەروەها لە سەکۆی پەرلەمانەوە دەڵێم: پارتی گەلی کۆماری تەواوی کۆمەڵگە لە باوەش دەگرێ".
 
رۆژی 21-12-2025 ئومیت دیکبایر، پەرلەمانتاری جەهەپە رایگەیاند، شتێک بە ناوی گەلی کورد نییە، بەڵکو بەڕەچەڵەک کورد هەن.
 
ئەمە کاردانەوەی تووندی کوردی لێکەوتەوە و بەشێکیان دەڵێن، ئیدی دەنگ بە جەهەپە نادەن.