راوێژکارێکی باڵای ئەردۆغان: تێڕوانینی دەوڵەت بۆ کورد لە "کێشەوە" بۆ "بابەت" گۆڕاوە

رووداو دیجیتاڵ
 
مەحمەت ئوچوم، راوێژکاری باڵای سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، روانگەی دەوڵەت بۆ کورد لە کێشەوە بۆ بابەت گۆڕاوە. ئوچوم هەروەها دەڵێت، دەبێت دانانی چەک بێ مەرج بێت و هیچ شێوازێکی دیکە قبووڵ ناکرێت.
 
لە گوتارێکیدا کە رۆژی یەکشەممە 26-1-2025 لە ژێر ناونیشانی (دەوڵەت و کورد) بڵاویکردەوە، محەممەد ئوچوم، راوێژکاری باڵا و  جێگری سەرۆکی دەستەی کاروبارە یاساییەکانی سەرۆککۆماری تورکیا  باسی پرسی کوردی لە تورکیا کرد و رایگەیاند: "لە تورکیا ئەجێندای نێوان دەوڵەت و کورد، لە سەردەمی ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە لە 'کێشە' نەماوە و وردە وردە بووەتە بابەت".
 
ئوچوم لە گوتارەکەیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، "دەتوانین بڵێین گواستنەوە لە کێشەوە بۆ بابەت هێشتا بەردەوامە. روانگەی 'کێشە نییە بابەتە' بووەتە هەڵوێستی سەروەریی دەوڵەت. هەندێک کەس دەستەواژەی 'کێشەی کورد' لە رێی سیاسەتی ناسنامە بەکاردەهێنن، بۆ ئەوەی یەکپارچەیی تورکیا بکەنە ئامانج. هەندێکی دیکەش وەک ئەوەی کورد کێشە بن دەستەواژەی 'کێشەی کورد' بەکاردەهێنن، بەڵام ئەمڕۆ پێناسەی 'کێشەی کورد'  لە لایەن دەوڵەتی کۆماری تورکیاوە بۆ کوردەکانی تورکیا نییە. کێشەی تیرۆری چل ساڵە ئۆپەراسیۆنێکی ئیمپریالیستییە کە نەک تەنیا کوردەکانی تورکیا، بەڵکو هەموو کوردەکانی ناوچەکە بەکاردەهێنێت و هەرگیز ناکرێت وەک 'کێشەی کورد' پێناسە بکرێت".
 
مەحمەت ئوچوم هەروەها دەڵێت، کورد نابێت لە بەهێزکردنی ئازادی و هەمیشەیی زمانی کوردی زیاتر، شتێکی دیکە داوا بکەن و نووسیویەتی: "بابەتە سەرەکییەکان دەکرێت بەم شێوەیە روون بکرێنەوە؛ بە تەواوی لابردنی مەیلەکانی جوداخوازی و یەکێتیی کورد لەگەڵ دەوڵەت. وەک هەموو پێکهاتەکانی نەتەوەی تورک (هەموو بەشەکانی گەلی تورکیا، هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەی تورکیا)، بەشداری تەواوی کورد لە ئەجێندای پەرەپێدانی دیموکراسی، گەشەپێدان و بەهێزکردنی تورکیا، بەرپرسیارێتیی تەواو وەربگرێت، خۆی تەواو لە رواڵەتی تورکیا بپێچێت و بێ دوودڵی پشتگیری تورکیا بکات. هەروەها بەهێزکردنی ئازادیی زمانی کوردی و بەردەوامبوون لەمبارەیەوە گرنگە. ئەگەر لە بەرامبەر روانگەی ئەرێنیی دەوڵەت سەبارەت بە زمانی کوردی، هەندێک پراکتیکی خراپ هەبن کە دەکرێت وەک لادان ناو ببرێن، دەبێت ئەوانە لەنێوببرێن. هەروەها گەڕاندنەوەی زمانی کوردی بۆ رەسەنی خۆی".
 
ئوچوم لەو باوەڕەدایە کە پێناسەی نەتەوەی تورک و هاووڵاتی تورک بەسە و پێویست ناکات کورد داوای مافی نەتەوەیی خۆی بکات و دەڵێت: "لە سەدەی بیستەم و بە تایبەتی لە پراکتیکە خراپەکانی فاشیزمی 12ی ئەیلوول، سەرەڕای هەموو هەوڵەکان بۆ دروستکردنی گومان و پڕوپاگەندەی رەش، ناوی نەتەوەی تورک و هاووڵاتیی تورک بە ناوەڕۆک بەرفراوانە و لە لایەن هەموو کەسێکەوە قبووڵ دەکرێت. سیستمی یاسایی ئێمە هاووڵاتیبوونی تورکە نەک وەک پەیوەندییەکی ئێتنیک، ئایینی یان نەژادی، بەڵکو وەک پەیوەندییەکی یاساییە".
 
راوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکات کە کورد بە هەڵگرتنی ناسنامەی تورکیا سەربەرز دەبن. هاوکات پێیوایە کوردان زیاتر خاوەندارییان لە زمانی تورکی کردووە کە زمانی فەرمیی وڵاتەکەیە و دەڵێت: "کوردەکانی تورکیا هیچ کێشەیەکیان لەوەدا نییە کە بە سەربەزی ناسنامەیان لە گیرفانیاندا هەڵگرتووە. هیچ بەربەستێکی سۆزداریش نییە لەبەردەم ئەوەی کورد لە دڵەوە هەستبکەن هاووڵاتیی راستەقینە و یەکسانی ئەم وڵاتەن".
 
ئوچوم هەروەها دەڵێت: "پڕۆژە ئیمپریالیستییەکان کە بە ئامانجی پارچەکردنی تورکیا لەسەر نەتەوە، هاووڵاتیبوون و زمان پێشکێش دەکرێن، زیاتر ئاشکرا دەبن، تێدەگەین کە وەڵامێکی سۆسیالیان نییە و پرۆسەی لەنێوبردنی ئەو پڕۆژانە خێراتر دەبێت. دەبینرێت کە دەستپێشخەری نوێی دەوڵەت و ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر، کە بە پێشڕەویی سەرۆککۆمار ئەردۆغان و بەڕێز باخچەلی دەستی پێکردووە، خێرایی بەم پێشکەوتنانە داوە. بنەمای مەسەلەکە ئەوەیە کە تورکیای بێ تیرۆر ئەنجام نییە، سەرەتایە. بە تێپەڕینی تورکیای بێ تیرۆر، بۆ تورکیا و ناوچەکە سەردەمێکی نوێ دەست پێدەکات".