دەم پارتی داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

دەم پارتی، لەبارەی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان بۆ رۆژئاوای کوردستان و دروستبوونی گرژی، داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات.
 
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2026، لە شارۆچکەی تارسووسی سەر بە پارێزگای مێرسین ـی تورکیا، لە خۆپێشاندانێکدا دژی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، گەنجێکی خەڵکی کۆبانێ بە ناوی باران عەبدی بە گوللـە کوژرا.
 
دەم پارتی ئەمڕۆ دووشەممە 26 ـی کانوونی دووەم راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە بەرامبەر هەوڵی ئاژاوەگێڕی و تێکدان، داوا لە هەموو لایەک دەکەین دۆخەکە هێور بکەنەوە."
 
دەم پارتی دەڵێ، تووندوتیژیی هێزە ئەمنییەکان لە بەرامبەر خۆپێشاندەران و زمانی بەرپرسانی دەسەڵات و میدیای نزیک لە دەسەڵات، هۆکارن بۆ دروستبوونی ئاژاوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "باران عەبدی خەڵکی کۆبانێ کە لە باڵکۆنی ماڵەکەی خۆی دانیشتبوو، لە ئەنجامی تەقەکردن لە هاووڵاتییان لە قەزای تارسووسی مێرسین کە مافی دیموکراسییانەی خۆپێشاندانیان بەکاردەهێنا، گیانی لەدەستدا. خودای گەورە لە باران عەبدی خۆش بێت کە ساڵی 2014 لە تەمەنی 10 ساڵیدا بەهۆی هێرشەکانی چەکدارانی داعشەوە ناچار بوو وڵاتی خۆی جێبهێڵێت."
 
دەم پارتی دەڵێ، پێویستە هەموو کەسێک، بەتایبەتی سیاسەتڤانان و میدیا باوەکان، خۆیان لە لێدوان و هەڵسەنگاندنێک بەدوور بگرن کە هانی تووندوتیژی دەدات، داوا لە سەرجەم لایەنەکانیش دەکات "لە بەرامبەر هەوڵی ئاژاوەگێڕی و تێکدان، دۆخەکە هێور بکەنەوە."