سەرۆکی دادگەی دەستووریی تورکیا: دۆسیەی داخستنی هەدەپە گەیشتووەتە کۆتایی

 
رووداو دیجیتاڵ

قادر ئۆزکایا، سەرۆکی دادگەی دەستووریی تورکیا رایگەیاند، دۆسیەی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەڕووی تەکنیکییەوە گەیشتووەتە کۆتایی. سەبارەت بە جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپاش لەبارەی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەڵێت: "ئێمە دەسەڵاتی گەرەنتیکردنی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەمان نییە."
 
رۆژی چوارشەممە، 25-02-2026، قادر ئۆزکایا لە خوانی بەربانگدا لەگەڵ رۆژنامەڤانان لە ئەنقەرە کۆبووەوە و وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە، لەوانەش دۆسیەی داخستنی هەدەپە کە بە یەکێک لە گەورەترین دۆسیەکانی مێژووی دادگەکە دادەنرێت.
 
سەرۆکی دادگەی دەستووری لەبارەی دۆسیەی داخستنی هەدەپە گوتی: "ئەمە دۆسیەیەکی زۆر فراوانە و هیچ دۆسیەیەکی دیکە هاوشێوەی نییە. باسی 520 کەس و چوار هەزار چالاکی دەکەین؛ تۆمەتنامەیەکی 840 لاپەڕەیی، 60 دۆسیەی هاوپێچ و نزیکەی 200 گێگابایت کەرەستەی دیجیتاڵیمان لەبەردەستە."
 
ئۆزکایا ئاماژەی بەوەش کرد، لەڕووی تەکنیکییەوە دۆسیەکە گەیشتووەتە کۆتایی و دادگەی دەستووری گەیشتووەتە ئەو قۆناخەی کە دەست بە لێکۆڵینەوەی بنەڕەتی بکات و لە ماوەیەکی نزیکدا هەڵسەنگاندنی کۆتایی بۆ دەکرێت.
 
سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا لەبارەی سەڵاحەدین دەمیرتاش و مانەوەی لە زیندان، قادر ئۆزکایا روونی کردەوە، ئەگەر بڕیارەکانی دادگەی ئەورووپا جێبەجێ نەکرێن، ئەوان وەک دادگەی دەستووری سەیری ناوەڕۆکەکە دەکەن و بڕیاری پێشێلکاری دەدەن؛ بەڵام گوتیشی: "ئێمە دەسەڵاتمان نییە بۆ زامنکردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا."
 
تاوەکو ئێستا دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا سێ بڕیاری سەرەکیی لەبارەی دەمیرتاش داوە، کە تورکیا جێبەجێی نەکردوون:
 
بڕیاری 20-11-2018: دادگەکە داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەمیرتاشی کرد و رایگەیاند تورکیا مافی دادگەییکردنی لە ماوەیەکی گونجاودا پێشێل کردووە.
 
بڕیاری 22-12-2020: لیژنەیەکی 17 دادوەری بڕیاریان دا کە هێشتنەوەی دەمیرتاش لە زیندان بێ بنەمایە و دەبێت تورکیا هەموو رێوشوێنێک بگرێتەبەر بۆ ئازادکردنی.
 
بڕیاری 08-07-2025: دوایین بڕیار بوو کە جەختی لەوە کردەوە هیچ پەیوەندییەک لەنێوان رووداوەکانی کۆبانێ لە ساڵی 2014 و ئەو تۆمەتانەدا نییە کە ئاراستەی دەمیرتاش کراون.