وەزیری بەرگریی تورکیا داوا لە گەنجانی وڵاتەکەی دەکات بڕۆنە ریزەکانی سوپا
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا داوا لە تەواوی گەنجانی وڵاتەکەی دەکات بڕۆنە ریزەکانی سوپا و "رۆڵ لە دەستەبەرکردنی ئاسایش، ئارامی و بەرگریکردن لە وڵاتدا بگێڕن".
خولووسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا لە رێی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە لەگەڵ فەرماندەی یەکەکانی سەر سنوور و ئەودیو سنوور کۆبووەوە و لە بەشێکی گوتەکانیدا گوتی "وێڕای ئەو کاریگەرییە نەرێنییانەی بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە تورکیایان گرتەوە، بەڵام بەردەوام بووین لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانیان بۆ پەلاماردان و بەرپەرچدانەوەی هەراسانکردنەکان".
سەبارەت بە دەنگۆی پێدانی هێلیکۆپتەر لەلایەن ئەمریکاوە بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، خولووسی ئاکار گوتی "تیرۆریستان جگە لە خۆڕادەستکردن هیچ چارەیەکی دیکەیان نییە. ئەگەر هێلیکۆپتەریشیان پێبدرێت و پشتیوانیش بکرێن، هەر بێهودەیە و با واز لەو خەیاڵپڵاوییە بێنن".
خولوسی ئاکار هەروەها رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ 30 هەزار و 62 کارمەند بۆ وەزارەتی بەرگری وەردەگرن و گوتی:" پرۆسەکە دەستیپێکردووە و بەردەوامە. داوا لە تەواوی گەنجانمان دەکەم، بێنە ریزەکانی سوپا و رۆڵ بگێڕن لە دەستەبەرکردنی ئاسایش، ئارامی و بەرگریکردن لە وڵاتەکەمان".
تورکیا لە نێوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتەکەی، بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و ناوبەناویش ئۆپەراسیۆن و هەڕەشە لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات.
تورکیا لە 2016ـەوە تائێستا، سێ جار لەڕێی ئۆپەراسیۆنەوە و بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی چووەتە نێو خاکی رۆژئاڤای کوردستان و سووریا. لە ئابی 2016 سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی "قەڵخانی فورات"ـی لە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا بەرەو باکووری سووریا دەستپێکرد و ناوچەکانی ئەلباب، راعی و عەزازی سەر بە پارێزگای حەلەبی کۆنترۆڵکرد و باسی لەوەکرد؛ ئۆپەراسیۆنەکەی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا کردووە.
هەروەها رۆژی 20ـی کانوونی دووەمی 2018 لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەناوی چڵەزەیتوون لەشکرکێشیی کردە سەر عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ماوەی 58 رۆژ بەرگرییان لە خاکی عەفرین کرد، بەڵام دواجار سوپای تورکیا بە هاوکاریی گرووپێک لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەستی بەسەر عەفریندا گرت.
سوپای تورکیا هەروەها رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2019 لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە ناوی "کانیی ئاشتی" هێرشیکردە سەر گرێسپی و سەرێکانی لە رۆژئاوای کوردستان و ئەو دوو شارۆچکەیەشی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. ئێستا سەربازانی تورکیا لەو شوێنانەدا جێگیرن.