وەزارەتی بەرگریی تورکیا: هێزەکانمان لە بەغدا کشانەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لە چوارچێوەی بڕیاری ناتۆ بۆ کشانەوەی نێردەکەی لە عێراق، هێزەکانی سوپای تورکیا لە بەغدای پایتەخت کشانەوە و بە سەرکەوتوویی گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان.
رۆژی پێنجشەممە 26-03-2026، زەکی ئاکتورک، راوێژکاری راگەیاندن و گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی وەزارەتەکە لە ئەنقەرە رایگەیاند: "لە چوارچێوەی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، بەرپرسانی ناتۆ بڕیاریان دا بە کشانەوەی 'نێردەی ناتۆ لە عێراق' (NMI)."
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاشکرای کرد کە بەپێی ئەو بڕیارە، ئەو هێزانەی سوپای تورکیا کە لەنێو نێردەکەی ناتۆدا لە بەغدا ئەرکیان رادەپەڕاند، کشاونەتەوە و گەڕاونەتەوە بۆ تورکیا.
زەکی ئاکتورک زانیاریی لەبارەی دامەزراندنی بارەگایەکی نوێی فەیلەقی نێودەوڵەتیی ناتۆ لە تورکیا خستەڕوو و گوتی: "لە ساڵی 2023 لە چوارچێوەی پلانی هەرێمیی باشووری رۆژهەڵاتی ناتۆ، فەرمانی دەستپێکردنی کارکردن بۆ دامەزراندنی بارەگایەکی فەیلەق درا و لە ساڵی 2024 بە فەرمی بە ناتۆ راگەیێندرا."
بەگوێرەی گوتەبێژەکە، فەرماندەیی فەیلەقی شەشەمی تورکیا راسپێردراوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەو بارەگایە کە بڕیارە لەژێر فەرماندەیی ژەنەراڵێکی تورکدا بێت و کادرە سەرەکییە نیشتمانییەکانی بۆ دەستنیشان کراوە.
ئەم کشانەوەیەی هێزەکانی تورکیا لە بەغدا لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و بەرەی (ئەمریکا-ئیسرائیل) لە دۆخێکی نائارامدایە و ناتۆ وەک رێکارێکی ئەمنی بڕیاری کشانەوەی نێردەکەی لە عێراق داوە.