دەم پارتی: سبەی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، شاندی ئیمراڵی سبەی هەینی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەکات و دەڵێت، "دیدارەکە زۆر گرنگە" و تێیدا پرسی چەکدانان و رێکخستنە یاساییەکان تاوتوێ دەکرێن.
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-03-2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای گشتیی پارتەکەی لە ئەنقەرە رایگەیاند: "شاندی ئیمراڵی سبەی بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەردانی دوورگەی ئیمراڵی دەکات."
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، ئایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە شاندەکە لەگەڵ ئۆجەلان کۆمەڵێک هەنگاوی گرنگ تاوتوێ دەکەن، لەوانە پرۆسە یاساییەکان و ئەو بابەتانەی لە رای گشتیدا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
گوتەبێژی دەم پارتی گوتیشی: "کۆبوونەوەکە دوو تەوەر لە خۆ دەگرێت؛ یەکەم: گفتوگۆکان سەبارەت بە بارودۆخ و پێگەی ئۆجەلان و رێکخستنە یاساییەکان. دووەم: ئەو چوارچێوەیەی کە بڕیارە بۆ چەکدانان ئامادە بکرێت." جەختیشی کردەوە کە پێویستە تەواوی پرۆسەکە بخرێتە سەر بنەمایەکی یاسایی و پێشنیازەکانی ئۆجەلان لەو بارەیەوە وەربگیرێن.
ئایشەگوڵ دۆغان، ئۆجەلانی بە "ئەکتەرێکی گرنگ" بۆ ناوچەکە وەسف کرد و رایگەیاند، ئەو سەرکردەیەکە پڕۆژەیەکی "فرەشوناس، فرەزمان و لەسەر بنەمای پێکەوەژیان" پێشنیاز دەکات، هەر بۆیە داوای کرد بارودۆخی ئێستای لە زینداندا بگۆڕدرێت و باشتر بکرێت.
گوتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆجەلان لەسەر چەندین بابەتی جیاواز، لە رێکخستنە یاساییەکانەوە تاوەکو داهاتووی پرۆسەی ئاشتی، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دانوستاندندایە و گوتی: "هەر پێشهاتێکی نوێ بێتە ئاراوە، لەگەڵ رای گشتی هاوبەشی پێدەکەین."
شاندی ئیمراڵی دەم پارتی، دوایین جار لە 16ـی شوباتی 2026 سەردانی دوورگەی ئیمراڵیی کردبوو. لەو دیدارەدا کە سێ کاژێر و نیوی خایاند، گۆڕانکارییەکانی سووریا و پرۆسەی چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا تاوتوێ کرابوون.