لە تورکیا و باکووری کوردستان 638 دۆسیەی تاوانی 'بکەر نادیار' لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی تورکیا هەنگاوێکی نوێ بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو دۆسیەی کوشتن و بێسەروشوێنبوونانە دەنێت کە ساڵانێکی درێژە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە؛ لەو چوارچێوەیەشدا لە 75 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان، وردبینی بۆ 638 دۆسیەی تاوانی 'بکەر نادیار' دەکرێتەوە.
سەرۆکایەتیی بەشی لێکۆڵینەوە لە تاوانە بکەر نادیارەکان، کە لەژێر چەتری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری سزادان لە وەزارەتی دادی تورکیا دامەزراوە، رایگەیاند کە پرۆسەی شیکاریی ورد بۆ 638 دۆسیە دەستیپێکردووە کە 693 کوژراویان تێدایە. ئەم هەنگاوە ئەو دۆسیانە دەگرێتەوە کە لە رابردوودا کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر رای گشتی و کۆمەڵگە هەبووە.
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا، رۆژی هەینی 24ـی نیسانی 2026 رایگەیاند: "بە سووربوونەوە کار لەسەر هەموو ئەو رووداوانە دەکەین کە چاوەڕێی چارەسەرن یان رای گشتی بە وردی چاودێرییان دەکات، لەوانەش دۆسیەکانی گولستان دۆکو، رۆژین کابایش و رابیعە ناز ڤاتان".
گەڕانی مەیدانی بۆ دۆزینەوەی گولستان دۆکو
یەکێک لەو دۆسیە هەستیارانەی کارێکی وردی تێدا دەکرێت، دۆسیەی بێسەروشوێنبوونی گولستان دۆکو، ئەو کچە کوردەی خەڵکی ئامەدە کە لە 5ـی کانوونی دووەمی 2020ـەوە لە دێرسیمی باکووری کوردستان بێسەروشوێن بووە.
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە نوێیەکاندا، تیمە تایبەتەکانی جەندرمە و ئاسایشی ئەنقەرە، بە بەکارهێنانی ئامێری پێشکەوتووی وەک "وێنەگرتنی ژێرزەوی"، دەستیان بە گەڕانێکی چڕ لە ئەشکەوت، ناوچە شاخاوی و دارستانەکانی دێرسیم کردووە بۆ دۆزینەوەی هەر سەرەداوێک یان تەرمی گولستان.
دۆسیەی گولستان دۆکو لە چەند رۆژی رابردوودا وەرچەرخانی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە. رۆژی شەممە 25ـی نیسانی 2026، بە تۆمەتی "سڕینەوە و شاردنەوەی بەڵگەکان"، دوو فەرمانبەری بەشی زانیاری لە نەخۆشخانەی دێرسیم بە ناوەکانی (بورچین یەرلیکایا و یوجەل ئەردەم) دەستبەسەرکران.
ئەمە لەکاتێکدایە کە تەنیا لە هەفتەی رابردوودا 15 کەسی دیکە لەسەر هەمان دۆسیە دەستبەسەر کراون، کە 12 کەسیان بە بڕیاری دادگە رەوانەی زیندان کراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵ دوو کەسی دیکەش بە مەرجی دادی بەردەوامە.
گولستان دۆکو کاتێک بێسەروشوێن بوو تەمەنی 21 ساڵ بوو و خوێندکاری زانکۆی دێرسیم بوو؛ دۆسیەکەی بۆ ماوەی زیاتر لە شەش ساڵە یەکێکە لەو دۆسیە گەرمانەی ناوەندە مافپەروەری و سیاسییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان چاودێری دەکەن.