هاکان فیدان سەردانی رووسیا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا بە بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی رووسیا سەردانی مۆسکۆ دەکات.

ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بڵاویکردەوە، ھاکان فیدان لە رۆژانی 26-27 ـی ئایاری 2025 لە مۆسکۆ دەبێت.
 
بە گوێرەی میدیای تورکیا، فیدان لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ مۆسکۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆدەبێتەوە.
 
چاوەڕوان دەکرێت پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات، ئاڵوگۆڕی بازرگانی، وزە و گەشتوگوزار لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکانی فیدان بێت لەگەڵ کاربەدەستانی رووسیا. 
 
ھەروەھا چاوەڕوان دەکرێت فیدان بۆچوونی تورکیا بۆ بەدیھێنانی ئاشتی لە شەڕی رووسیا- ئۆکرانیا دەرببڕێت.
 
لە دانوستاندنەکانی رووسیا و ئۆکرانیا کە 16ـی ئایاری 2025 لە ئیستەنبووڵ ئەنجامدران، ڤلادیمیر مەدینسکی جێگری سەرۆکی رووسیا سەرۆکایەتیی شاندی رووسیای کرد.