ئاکپارتی لەبارەی چەکدانانی پەکەکە: لەگەڵ بەغدا، سلێمانی و هەولێر لە هاوئاهەنگیداین و پێشڤەچوون هەیە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند، لە بابەتی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)دا لەگەڵ بەغدا، سلێمانی و هەولێر لە هاوئاهەنگیدان و پێشڤەچوون هەیە.
عومەر چەلیک، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە ئێوارەی رۆژی دووشەممە 26-5-2025 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، باسی پرۆسەی ئاشتی و قۆناخی چەکدانانی پەکەکەی کرد.
عومەر چەلیک باسی دیالۆگی بەردەوامی لەگەڵ بەغدا کرد و بە پێویستی زانی پەکەکە بە کردەیی چەک دابنێت. گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ بەغدا، سلێمانی و هەولێر چەند بابەتێکمان هەن کە دەبێت هاوئاهەنگیان لەسەر بکەین. لەم بابەتەدا پێشڤەچوون هەیە و بەردەوامە".
چەلیک جەختیکردەوە کە پرۆسەکە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بە 'تورکیای بێ تیرۆر' ناسێندراوە و ئامانج وەستاندنی شەڕ و پیکدادانە. چەلیک هەروەها گوتی: "ئێمە پێشتریش جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە لەم قۆناخەدا پێویستە رێکخراوی تیرۆریستی و تەواوی باڵەکانی چەکدابنێن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە. جا پێویستە ئەو چەکدانانە بە شێوەیەکی مەیدانی و بێ کەموکوڕی جێبەجێ بکرێت".
گوتەبێژی ئاکپارتی هەروەها بە گرنگی دەزانێت ئەو رێکخراو و دەزگایانەی سەرچاوەی دارایی بۆ پەکەکە دەستەبەر دەکەن، لە عێراق، سووریا و ئێران هەڵوەشێندرێنەوە.