لە تورکیا هەر کەسێک خانووی کرێ نەداتە سەڵت سزا دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا کێشە و قەیرانی بەکرێدانی خانوو بەو کەسانەی سەڵتن لە باکووری کوردستان و تورکیا بەردەوامە، دامەزراوەی مافی مرۆڤ و یەکسانیی تورکیا (TİHEK) هۆشداریی دایە خاوەن خانوو و نووسینگەکانی بەکرێدان کە ئەگەر خانوو بە سەڵت نەدەن، تاوەکو بڕی 90 هەزار لیرە (نزیکەی 3 هەزار و 300 دۆلار) سزای مادی دەدرێن.
لە باکووری کوردستان و تورکیا و بەتایبەتیش لە گەورەشارەکاندا زۆربەی نووسینگە و خاوەن خانووەکان مەرجی ئەوەیان داناوە خانوو تەنیا بە خێزان دەدەن و کەمتر وەڵامی کەسانی سەڵت دەدەنەوە. ئەمە وایکردووە بەشێکی زۆر لەوانەی سەڵتن و ناچارن لە شارێکی دیکە کار بکەن، بە زەحمەت دەتوانن خانوو بە کرێ بگرن. بابەتەکە ناڕەزایی زۆری بەدوادا هات و بەتایبەتیش لە ماوەی مانگێکی رابردوودا دەنگی ناڕەزایی بەرزتر بووەوە.
محەممەد کڵچ، سەرۆکی دامەزراوەی مافی مرۆڤ و یەکسانیی تورکیا (TİHEK) رایگەیاند کە لەمەودوا دەسەڵاتی ئەوەیان پێدراوە سزای ئەو خاوەن خانوو و نووسینگانە بدەن کە دەڵێت، "خانوومان بۆ سەڵت نییە".
بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوەی دامەزراوەی مافی مرۆڤ و یەکسانیی تورکیا (TİHEK) لە ماڵپەڕی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، سزاکە تاوەکو سنووری 90 هەزار دۆلارە کە دەکاتە 3 هەزار و 300 دۆلار دەڕوات.
دامەزراوەکە ئەم هەڵسوکەوتەی نووسینگەکانی خانووبەرەی بە "جیاکاری" ناوبرد و جەختیکردەوە کە لەمەودوا بە چڕی چاودێرییان دەکرێت.