سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: بچووکترین داواکاری بۆ بەفەرمیکردنی زمانی دیکە پێشکێش نەکراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، تاوەکو ئێستا لە لیژنەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەریدا هیچ داواکارییەک بۆ ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و بەفەرمیکردنی زمانی کوردی پێشکێش نەکراوە.
 
لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ رێکخراوانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کە رۆژی سێشەممە 26-08-2025 لە پارێزگای ئافیۆن بەڕێوەچوو، نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی پرۆسەی چارەسەریی کرد.
 
سەرۆکی پەرلەمان گوتی، لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لەلایەن 95%ی پارتەکانەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، "لەم قۆناخە تازەیە دەمەوێت بڵێم، ئەو لیژنەیەی لە پەرلەمان پیکهێندراوە، هەموو کێشەکانی تورکیای پێ چارەسەر ناکرێت."
 
بەرپرسانی ئیی پارتی، کە تاکە فراکسیۆنی پەرلەمانە لە لیژنەکە کشاوەتەوە، لەگەڵ بەشێک لە پارتە بێ کورسییەکان دەڵێن، ئەو لیژنەیە رێگە بە بەڕێوەبردنی باکووری کوردستان لەلایەن کورد و گۆڕینی دەستوور بەگوێرەی ویستی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەدات.
 
کورتوڵمووش لە وەڵامی ئەو قسانەدا گوتی، "ئەو لیژنەیە هەرگیز زەوینەی گفتوگۆکردنی لەبارەی دەستوورێکی نوێ نییە. زۆر بە روونی دەڵێم، گفتوگۆی هەرێمێکی جیا لە ئارادا نییە. هەروەها بچووکترین داواکاری بۆ بەفەرمیکردنی زمانی دیکە نییە؛ هەروەک چۆن هیچ کارێک لەسەر ئازادکردنی سەرۆکی رێکخراو نییە و هیچ داواکارییەک نییە."
 
لیژنەیەک بەناوی (پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) لە پەرلەمانی تورکیا بۆ راپەڕاندنی کاروباری تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری و پێشکێشکردنی پێشنیازە یاسا کارا کراوە. 
 
لیژنەکە لە 51 ئەندام پێکدێ و یەکەمین کۆبوونەوەی کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 5-8-2025 سازکرد و بەردەوامە لە کۆبوونەوەکانی.