ئیمامئۆغڵو بە تۆمەتی "سیخوڕی" گوتەی لێوەردەگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
بە تۆمەتی "سیخوڕی" لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵی جەهەپە، نەجاتی ئۆزکان، بەڕێوەبەری هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئیمامئۆغڵو و مەردان یانارداغ رۆژنامەڤان دەستیپێکردووە.
ئیمامئۆغڵو، کە لە زیندانی مەڕمەڕە لە سیلیڤری بەندکراوە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا کاژێر 11:00ی ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2025 دەبرێتە دادگەی چاغڵایان و گوتەی لێوەردەگیرێت.
ئۆزگور چەلیک، سەرۆکی لقی ئیستەنبووڵی جەهەپە لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوای لە ئەندامانی پارتەکەی کرد لە گۆڕەپانی چاغلایان لە بەردەم دادگە کۆببنەوە.
پارێزگای ئیستەنبووڵ لە راگەیێندراویکدا ئاماژەی بەوەدا، رۆژی یەکشەممە 26ی تشرینی یەکەم لە چوار شارۆچکە بۆ ماوەی یەک رۆژ گردبووە و خۆپێشاندان قەدەخە دەکرێت.
پارێزگای ئیستەنبووڵ رایگەیاندووە، بڕیارەکە بە مەبەستی "پاراستنی ئاسایشی گشتی، رێگریکردن لە ئەنجامدانی تاوان و دابینکردنی ئارامی و ئاسایشی هاووڵاتییان" دراوە و بەیانی ئەمڕۆ تاوەکو کۆتایی رۆژەکە لە شارۆچکەکانی بەیئۆغڵو، بایرام پاشا، کاغتهانە و شیشلی کار بەو بڕیارە دەکرێت.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپەش رایگەیاند، بەرنامەکەی لە شاری لوزێرن، کە بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی پارتی سۆسیال دیموکراتی سویسرا (SP) چووبوو، بە نیوەچڵی جێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە ئیستەنبووڵ.
داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ رایگەیاندووە، ئەو لێکۆڵینەوەیەی لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی تیرۆرەوە بەڕێوەدەچێت، پشتی بەو کەرەستە دیجیتاڵییانە بەستووە کە هی گومانلێکراو حوسێن گون ـن، کە لە چواری تەممووزی ئەمساڵدا بە تۆمەتی "سیخوڕی" دەستگیرکرابوو.
بەگوێرەی داواکاری گشتی، حوسێن گون کە "پەیوەندیی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر بەرپرسی هەواڵگریی وڵاتانی بیانی هەبووە،" دەرکەوتووە کە "پەیوەندیی لەگەڵ نەجاتی ئۆزکان، راوێژکاری ئیمامئۆغڵو هەبووە و رێنمایی پێداوە." هەروەها باس لەوەشکراوە، "ژمارەیەکی زۆر پەیوەندی و نامەگۆڕینەوەی نێوان مەردان یانارداغ ـی رۆژنامەڤان و حوسێن گون لەبارەی چالاکیی سیخوڕی ئاشکرا بووە."
دەگوترێت یانارداغ "لە بەرامبەر وەرگرتنی بەرژەوەندی لە حوسێن گون، لایەنی راگەیاندنی پرۆسەی هەڵبژاردنی رێکخستووە." هەروەها دەنگۆیەک هەیە، کە یانارداغ لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی ساڵی 2019دا "بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان، هەوڵی دەستکاریکردنی هەڵبژاردنەکانی داوە."
ئیمامئۆغڵو بەیانیی رۆژی هەینی 24 ـی تشرینی یەکەمی 2025 لەبارەی ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵی، رایگەیاند، "بوختان، درۆ و پیلانگێڕییەکی لەم جۆرە بە خەیاڵی شەیتانیشدا نایەت."
نەجاتی ئۆزکان، کە لە 19ی ئادار لە ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ سەر شارەوانیی گەورەی ئیستەنبووڵ دەستبەسەر و دواتر دەستگیرکرا، تۆمەتەکانی رەتکردەوە.
ئۆزکان، لە پەیامێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، رایگەیاند، "ئەو کەسەی لە هەواڵەکانی ئەمڕۆدا زانیم بە تۆمەتی سیخوڕی دەستبەسەرکراوە، تەنیا پەیوەندیم لەگەڵیدا دوای هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ساڵی 2019 بووە، کە لەسەر داوای خۆی بۆ بە بازاڕکردنی نەرمەکاڵایەکی شیکاریی سۆشیاڵ میدیا کۆبووینەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە ئەنجامێکی نەرێنی هەبوو. دوای ئەو کۆبوونەوەیەش بەهیچ شێوەیەک پەیوەندیم لەگەڵیدا نەبووە."
ئۆزکان، تۆمەتەکانی بە "ناراستەقینە" و "پووچ" ناوبرد و گوتی: "بردنەوەی هەڵبژاردن تاوان نییە. بە ئەشقەوە کارکردن گوناح نییە."
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە، لەبارەی لێکۆڵینەوەکە گوتی: "رووبەڕووی بێشەرمییەکی گەورە بووینەتەوە."
ئۆزەل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای سەرەکیی پارتەکەی لە ئەنقەرە رایگەیاند: "ئێمە ئەم فیلمانەمان زۆر بینیوە" ئۆزەل، گوتی، "ئەمجارە هەوڵدەدەن بەم شێوەیە خەڵک رازی بکەن. کاتێک سیخوڕی دەخەیتە ناو بابەتەکەوە، کەس سیخوڕی خۆشناوێت. ئەمە دوا چارەیانە. گوتیان 'دزە'، نەبوو، گوتیان 'گەندەڵە' نەبوو. گوتیان 'دزیویەتی' خەڵک باوەڕی نەکرد. گوتیان 'تیرۆرە' خەڵک راپەڕی. ئەوەندە نابێت. ئەو کەسەی بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بڵێت سیخوڕ، هەموو ترابزۆن و ئیستانبووڵ و گەل رووی رەش دەکەن."
رۆژی هەینی 24ی تشرینی یەکەمی 2025 لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، تۆمەتی "سیخوڕی" درایە پاڵ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵی جەهەپە و هەریەک لە رۆژنامەڤانان نەجاتی ئۆزکان و مەردان یانارداغ دامەزرێنەری تەلەڤیزیۆنی Tele1.
هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ئیستەنبووڵ هەڵیانکوتایە سەر ناوەندی تەلەڤیزیۆنی Tele1 و مەردان یانارداغ دەستبەسەرکرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرمی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی ئیستەنبووڵ، لە رێگەی بەرنامەی "ئەستەنبووڵ هی تۆیە "زانیاریی کەسیی 4.7 ملیۆن کەس بە دوو وڵاتی بیانی دراوە و زانیاریی 3.7 ملیۆن کەسیش لە رێگەی "دارک وێب"ەوە فرۆشراون.
ئاماژە بەوەش کراوە، دوای لێکۆڵینەوەکان، بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆ 13 کەس بە تۆمەتی "بەدەستهێنانی زانیاریی کەسی بە شێوەیەکی نایاسایی، ئەندامبوون لە رێکخراوی تاوانی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو" دەرکراوە.