ئاکپارتی: بڕیاری کشانەوەی پەکەکە لە تورکیا یەکێکە ئەنجامەکانی پرۆسەی چارەسەری

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی ئاکپارتی دەڵێت، بەردەوامیی هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە لە ناوچەکە ئەجێندای پرۆسەی چارەسەری "تورکیای بێ تیرۆرە".

رۆژی یەکشەممە، 26ی تشرینی یەکەمی 2025 پەکەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بناری قەندیل رایگەیاند، هەموو هێزەکانیان لە تورکیا دەکشێننەوە، دواتر عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لە ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە.
 
گوتەبێژەکەی ئاکپارتی باسی لەوە کردووە کە بەردەوامیی بێ پچڕانی چەکدانانی پەکەکە "سەردێڕی سەرەکیی نەخشەڕێگەی 
ئامانجی تورکیای بێ تیرۆرە."
 
عومەر چەلیک کشانەوەی بەشێکی هێزەکانی پەکەکە لە تورکیا بە "هەنگاوێکی نوێ" بە بەشێک لە چەکدانانی پەکەکە ناودەبات و دەڵێت، ئەنجامی پێشکەوتنەکانی نەخشەڕێگەی پرۆسەی ئاشتییە و گونجاون لەگەڵ ئامانجی سەرەکی. 
 
هاوکات گوتەبێژی ئاکپارتی باسی لەوە کردووە کە "تورکیای بێ تیرۆر، هەنگاوێکی ستراتیژی و مێژووییە بۆ دیموکراسی لە هەر هەڕەشەیەک." 
 
هەروەها دەڵێت: "زەوینەی ستراتیژی- سیاسی کە بە بانگەوازە مێژووییەکەی بەڕێز باخچەلی دروست بوو و گۆڕینی پرۆسەکە بۆ سیاسەتێکی دەوڵەت بە ئیرادەی بەرزی بەڕێز سەرۆککۆمارمان، چوارچێوەیەکی گەورەیان دروستکرد کە لەگەڵ رۆحی سەردەمەکەدا دەگونجێت و وەڵامێکە بۆ ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕوومان بوونەتەوە."
 
چەلیک دەڵێ: "پشتیوانی و رێنوێنیی پێگەیشتووی لیژنەی هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمان کە لە پارتە جیاوازەکان پێکهاتووە، بەڕوونی ئەوەی دەرخست کە بابەتی سیاسیی تاکانەی پرۆسەکە ئیرادەی نەتەوەییە. لەمەودوا، هەنگاونان بۆ بەردەوامبوونی بێ پچڕانی پرۆسەی دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوە، دەبێتە هۆی گەیشتن بە ئامانجەکان. بە بەردەوامبوونی پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە و دانانی چەک، ئەو چوارچێوە ئەرێنییەی لیژنەی هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی دەیکێشێت، روونتر دەبێتەوە".
 
گوتەبێژی ئاکپارتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە بایەخ بە پرۆسەی ئاشتی بدرێت لە هەموو جۆرە هەوڵێکی "ورووژێنەر" و دەڵێت: ئاگاداری ئەو لایەنانەین کە لەپشت ئاڵۆزییەوەن لە ناوچەکەمان و هەوڵی تێکدانی سیاسی، هەواڵگری و کردەیی دەدەن. لە بەرامبەر ئەوانەدا بە سووربوونەوە نەخشەڕێگەکە جێبەجێ دەکەین."
 
عومەر چەلیک دڵنیایی دا کە کۆماری تورکیا "باڵادەستە بەسەر ئەجێنداکەی دا و رێگە نادەین بە تۆمەتی ناڕەوا پرۆسەکە لە ئامانجە سەرەکییەکەی دوور بخەنەوە و کاریگەریی لاوەکیی ژەهراوی لەسەر نەخشەڕێگەی دروست بکەن."
 
بەگوێرەی پەیامەکەی عومەر چەلیک: "بە پشتیوانیی هەریەک لە هاووڵاتییانمان و بە برایەتی و یەکێتیی مێژوو و چارەنووسمان، بەرەو ئامانجەکانمان هەنگاو دەنێین".