ئەردۆغان لەگەڵ شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کۆدەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کۆدەبێتەوە. 
 
ناوەندی راگەیاندنی دەم پارتی، ئەمڕۆ یەکشەممە 26 ـی تشرینی یەکەمی 2025 بڵاویکردەوە، پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار، ئەندامانی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی رۆژی پێنجشەممە 30ـی تشرینی یەکەم لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبنەوە. 
 
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە پەکەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بناری قەندیل لە هەرێمی کوردستان بڕیاری کشانەوەی گەریلاکانی لە باکووری کوردستان و تورکیا راگەیاند. 
 
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2025 بە میدیای تورکیای راگەیاند، شاندی ئیمراڵی بەم نزیکانە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە.
 
ئەمە دەبێتە سێیەم کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی و ئەردۆغان.
 
10ـی نیسانی 2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان و کۆچکردوو سری سورەیا ئۆندەر، جێگری ئەو کاتی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری ئیستەنبووڵ پێکهاتبوو، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار کۆبووەوە.
 
دووەم کۆبوونەوەی ئەردۆغان و شاندی ئیمراڵی لە 7ی تەممووزی 2025 لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار بەڕێوەچوو و پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار بەشداربوون. لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەفکان ئاڵا، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی و ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی میت ئامادەبوون.