دیداری ئیمراڵی و هەڵوێستی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەبارەی هەسەدە
رووداو دیجیتاڵ
عەبدولقادر سەلڤی، رۆژنامەڤانیی تورکیا لە رۆژنامەی حوڕییەتی وڵاتەکەیدا بابەتێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێ، لە سەردانی پەرلەمانتارانی ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتی بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، باس لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ش کراوە.
سەلڤی دەڵێ، ئۆجەلان لەبارەی تێکەڵبوونی هەسەدە بە هێزەکانی سووریا پەیامێکی روونی داوە.
حوسێن یایمان، پەرلەمانتاری ئاکپارتی؛ فەتی یڵدز، پەرلەمانتاری مەهەپە و گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی کە ئەندامی ئەو لیژنەیەن لە پەرلەمانن بۆ پرۆسەی چارەسەری پێکهێنراوە، رۆژی دووشەممە چوونە ئیمراڵی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە.
عەبدولقادر سەلڤی بابەتێکی لەبارەی دیدارەکەی شاندی کۆمیسیۆن و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڵاوکردوەتەوە کە لە بەشێکیدا هاتووە، "ئۆجەلان پەیامێکی روونی لەبارەی تێکەڵبوونی هەسەدە بە سووریا داوە، کاتێک داوای کردووە هەسەدە تێکەڵی سوپای سووریا بێ و ئاماژەی بە گرنگیی بوونە بەشێک لە سووریای نوێ داوە؛ هەروەها گفتوگۆ لەسەر ئەوە کراوە کە ئایا بانگەوازەکەی 27ی شوباتی ئۆجەلان هەسەدە دەگرێتەوە یان نا."
سەلڤی نووسیویەتی، "پێشتر خوالێخۆشبوو سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی بە زمانێکی روون رایگەیاندبوو کە پەیامەکە هەسەدەش دەگرێتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەو رێککەوتنەی رۆژی 10ـی ئادار لە نێوان هەسەدە و دیمەشق واژۆکرا، هەسەدە تاوەکو ئێستا خۆ خافڵاندنی هەڵبژاردووە."
"تێبینییەکانی ئیمراڵی"
شامیل تەییار، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکپارتی لە بازنەی دیلۆک، شەوی رابردوو نووسینێکی لەبارەی دیداری شاندی کۆمیسیۆن لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە ناوی "تێبینییەکانی ئیمراڵی" بڵاوکردەوە.
تەییار ئاماژەی کردووە لە دیدارەکەدا، ئەگەرچی گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، نوێنەرەکەی دەم پارتی داوای کردووە وێنەیەکی یادگاری بگرن، بەڵام وێنەکە نەگیراوە.
شامیل تەییار دەڵێ، "لەکاتێکدا کاردانەوەی تووند بەرامبەر سەردانەکە هەیە، وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەی ئەو وێنەیە هەڵەیەکی گەورە دەبوو. بەڵام، دەوڵەت دیدارەکەی بە ڤیدیۆ تۆمارکردووە".
ئەو کەسایەتییەی ئاکپارتی رایگەیاندووە، لە دیدارەکەدا نیگەرانییەکانی رای گشتی قسەیان لەسەر کراوە، "بەتایبەتی دوو بابەت: پەکەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و چەکددانانی داوە، بەڵام بۆچی ئەم پرۆسەیە لە کرداردا وەک ئەوەی دەخوازرێ بەڕێوەناچێ؟ هەروەها بۆچی کێشەی یەپەگە لە سووریا چارەسەر ناکرێ؟ ئۆجەلان بە کورتی دەڵێت، دەتوانن هەموو بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەکە تێبپەڕێنن، بە یەپەگەشەوە لە سووریا".
بە گوتەی شامیل تەییار، ئۆجەلان نەخشەڕێگەیەکی تایبەت بە پرسی رۆژئاوای کوردستان و سووریا ئامادە کردووە. سەلڤی باسی نێوەرۆکەکەی نەکردووە و دەڵێت، "با نەچمە نێو وردەکارییەکەیەوە."
تەییار هەروەها رایگەیاندووە، "ئەو تێبینییە هەستیارانەی نێو دیدارەکە، رۆژی سێشەممە 26-11-2025 گەیەندرانە بەرپرسانی باڵای دەوڵەت. ئەوە بە هیوابەخش دەبینرێت، بەڵام هێشتا بەربەستی جیدی هەن کە دەبێت تێبپەڕێندرێن. سەبارەت بە بۆچوونی خۆشم دەڵێم، لەنێو ئاکپارتیدا 'گەشبینییەکی هۆشیارانە' هەیە."
ئاکپارتی لەبارەی هەسەدە: با پارتی سیاسی دابمەزرێنن
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی ئاکپارتی دا کە رۆژی سێشەممە 25-11-2025 بەڕێوەچوو، عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتەکە وەڵامی پرسیارێکی لەبارەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دایەوە.
عومەر چەلیک گوتی، "ئەوەی ئێمە دەیبینین ئەمەیە: رێکخراوی تیرۆریستیی هەسەدە، باڵی رێکخراوی تیرۆرستیی پەکەکەیە و لە چوارچێوەی تورکیای بێ تیرۆر و ناوچەی بێ تیرۆردا دەبێ لەوە دەربچێت کە هەڕەشە بێ بۆسەر تورکیا. رێگەی ئەوان روونە و تورکیاش ئەمە پەسند دەکات. کاتێک رێککەوتننامەی 10ی ئادار جێبەجێ دەکەن، ئەو هێزانە خۆیان لەوە دەردەهێنن کە ببنە هەڕەشە بۆسەر تورکیا، دواتر ئەوانەی لە تیرۆر تێوەنەگلاون لە سووریادا پارتی سیاسی دادەمەزرێنن و هەوڵدەدەن لە نێو سیاسەتی سووریادا رۆڵی چالاک بگێڕن".
گوتەبێژەکەی ئاکپارتی زیاتر لەبارەی هەسەدە قسەی کرد و گوتی، "لە چوارچێوەی تورکیای بێ تیرۆردا، نابێت چیدیکە ببێتە هەڕەشە بۆسەر تورکیا. هەستیارییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی کۆماری تورکیا دواخستن قبووڵ ناکات و دەبێ ئەوە جێبەجێ بکرێ. با تەوەرەکەمان لێ ون نەبێ. ئێمە هەنگاوەکانی ئەو پێکهاتانەی دەبنە هەڕەشە بۆ سەر تورکیا و هەنگاوەکانیان بۆ نەهێشتنی ئەم هەڕەشەیە دەبینین و تۆماری دەکەین، هەنگاوە نەرێنییەکانیش دەبینین."
کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لە 51 ئەندام پێکدێت. ئەندامەکان بەگوێرەی هێزی پارتەکان لە پەرلەمانی تورکیا، دابەشکراون.
ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتیهەریەکەیان ئەندامێکیان بۆ سەردانیکردنی ئیمراڵی دەستنیشانکرد و شاندە سێ کەسییەکە رۆژی دووشەممە 24-11-2025 سەردانی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبووەوە.
کێن ئەو سێ کەسەی سەردانی ئیمراڵییان کرد؟
حسێن یایمان / پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)
ساڵی 1969 لە هاتای لەدایکبووە
بەشی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی ئیستەنبووڵ تەواوکردووە
دکتۆرای لە هەمان بوار لە زانکۆی ئەنقەرە تەواوکردووە
لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئانار راوێژکار بووە
لە دەزگای سێتا راوێژکار بووە
ماوەیەک گۆشەنووس و شرۆڤەکار بووە
یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتییە
رۆژی 23-2-2025 کرایە ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبردن و بڕیاری ئاکپارتی
پەرلەمانتاری ئاکپارتییە لە بازنەی هاتای
ئەندامی کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسییە
ژمارەیەک کتێب و نووسینی لەبارەی پرسی کورد هەیە
زمانی ئینگلیزی بە باشی دەزانێت
خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت / دەم پارتی
ساڵی 1979 لە دێرسیم لەدایکبووە
خوێندنی بنەڕەتی لە دێرسم تەواوکردووە
بەشەکانی ڤێتێرنەری، کارگێڕیی گشتی و کۆمەڵناسیی لە زانکۆی ئەنادۆڵو تەواو کردووە
ساڵی 1998 وەک پەرستار کاری کردووە
لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیشدا بە شێوەیەکی چالاک بەشدار بووە
گوتەبێژی کۆنگرەی دیموکراسیی گەلان (HDK) بووە
سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتییە لە پەرلەمان
ئەندامی کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسییە
یەکێک لەو سێ ئەندامەی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانە بۆ دیداری ئیمراڵی
خێزاندارە و دایکی دوو منداڵە
فەتی یڵدز / پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)
ساڵی 1953 لە پارێزگای یۆزگات لەدایکبووە
کۆلێژی یاسای لە زانکۆی ئیستانبووڵ تەواو کردووە
گەورە راوێژکاری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە بووە
لە کۆنگرەی گەورەی مەهەپەدا رۆژی 18ی ئاداری 2018 وەک یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە هەڵبژێردرا
پەرلەمانتاری مەهەپەیە لە بازنەی ئیستەنبووڵ
ئەندامی لیژنەی دەستووریی پەرلەمانی تورکیایە
ئەندامی کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسییە
یەکێک لەو سێ ئەندامەی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانە بۆ دیداری ئیمراڵی
بە ئاستێکی مامناوەند زمانی فەرەنسی دەزانێت
خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە