کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری پەرلەمانی تورکیا دواخرا
رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە و بڕیاربوو ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی تشرینی دووەم بە کارنامەی گفتوگۆکردن لەبارەی دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببێتەوە، دواخرا.
کۆمیسیۆنەکە دوای دیداری رۆژی دووشەممەی شاندەکەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە دوورگەی ئیمراڵی، بڕیاری دابوو رۆژی چوارشەممە کۆببێتەوە بۆ ئەوەی ئەو شاندەی دیدارەکەی ئەنجامداوە زانیاری بداتە کۆمیسیۆنەکە.
بەپێی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکە بەهۆی هەبوونی بەرنامەی جیاوازی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە دواخراوە.
چاوەڕوان دەکرێ کۆبوونەوەکە رۆژی پێنجشەممە یان هەفتەی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
رۆژی دووشەممە 24 ـی تشرینی دووەمی 2025 شاندێكی سێ کەسی لە کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە پێکهاتبوون لە حوسێن یایمان، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی؛ فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە و گولستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، بۆ بینینی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵییان کرد.
دوای سەردانەکە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دوای بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی لە 27 ـی شوبات، لە چوارچێوەی ئەو پرسیارانەی ئاراستەی کران سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی رێکخستن و دانانی چەک، هەروەها جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار لە سووریا، لێدوانی ورد وەرگیرا."
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدرا، "لە رووی یەکگرتنی کۆمەڵایەتی، پتەوکردنی برایەتی و پێشخستنی ئەرێنییانەی پرۆسەکە لە روانگەی هەرێمییەوە، ئەنجامی ئەرێنی بەدەستهاتووە."
زیاتر لە ساڵێكە پرۆسەیەکی نوێ بۆ چارەسەری بۆ پرسی کورد لە تورکیا دەستیپێکردووە. ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمان بۆ رێکاری یاسایی پرۆسەکە دەستبەکاربووە، لە 21 ـی تشرینی دووەمدا کە بۆ جاری 18ـیەمین کۆبووەوە، لە کۆی 51 ئەندام بە 32 دەنگی "بەڵێ" بڕیاری دا بۆ بینینی ئۆجەلان سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵی بکات. بڕیارەکە بە دەنگدانی نهێنی درا؛ جەهەپە بەشداریی لە بەشی دەنگدانی کۆبوونەوەکەدا نەکرد و رایگەیاند، ئەندام بۆ شاندەکە دیاری ناکات.