ئەردۆغان لەبارەی یاریی کۆتایی مۆندیال: بە ماکرۆنم گوت ئەرجەنتین باش یاریی کرد و بردیەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لە پرۆگرامێکی تایبەتدا لەبارەی یاریی کۆتایی مۆندیال لەنێوان ئەرجەنتین و فەرەنسا قسەی کرد و گوتی، "دڵنەوایی ماکرۆنی داوەتەوە و پێی گوتووە؛ نیگەران مەبە، ئەرجەنتین باش یاریی کرد و بردیەوە."
لە یاریی کۆتایی مۆندیالدا، کە هەڵبژاردەکانی ئەرجەنتین و فەرەنسا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و ئەرجەنتین بە لێدانی یەکلاکەرەوە جامەکەی بردەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەنێو یاریگە لە نزیک یەکدی دانیشتبوون. ماکرۆن بە حەماسەتێکی زۆرەوە هانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دەدا. لە کۆتایی یارییەکەدا ئەردۆغان چپەیەکی بۆ ماکرۆن کرد، کە پێدەچوو دڵنەوایی بێت.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 25-12-2022 رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستانەوە و لە پرۆگرامێکی تایبەت بە گەنجان بەناوی (یەکەمین دەنگم بۆ ئاکپارتی، یەکەمین دەنگم بۆ ئەردۆغان) وەڵامی پرسیارێکی سەبارەت بەو کاتە دایەوە.
یەکێک لە ئامادەبووان پرسیاری لە ئەردۆغان کرد کە "ئاخۆ دڵنەوایی ماکرۆنی کردووە؟" ئەردۆغان لە وەڵامدا گوتی، "لەبارەی دڵنەوایی، گوتم: ئەرجەنتین باش یاریی کرد و بردیەوە. ماکرۆن نیگەران مەبە! بەڵام گومانی تێدا نییە ئەرجەنتین لە لێدانی یەکلاکەرەوەشدا نایاب بوو."
هەروەها لەبارەی توانا و ئاستی یاریی مێسی ئەردۆغان گوتی، "مێسی سەرەڕای ئەو تەمەنەی، زۆر باش بوو؛ بەڵام دەبێت ئەمەش بڵێین کە ئێمباپێ بۆ داهاتوو هەڕەشەیە. تەمەنی 23 ساڵە، مێسی 34 ساڵە. بێگومان ئەزموونی مێسی یارییەکەی یەکلایی کردەوە و ئەرجەنتین دوای نزیکەی 30 ساڵ جامی جیهانیی بەدەستهێنایەوە، نوخشە لە ئێمەش بێت."
لە وەڵامی پرسیاری "مێسی باشترە یان رۆناڵدۆ؟" ئەردۆغان گوتی، "ئەم بڕیارە کاری ئێمە نییە، بەڵام رۆناڵدۆیان فرۆشت. بەداخەوە گەمارۆی سیاسییان لەسەر رۆناڵدۆ دانا. بێگومان یاریزانێکی وەکو رۆناڵدۆ، کاتێک لە گێمی دووەم بخەیتە نێو یاریگە، یانیش 15 خولەک یاریی پێبکەیت، ئەمە وزە و دەروونی ئەو یاریزانە دەکوژێت. وابزانم ئێستا رۆناڵدۆ دەچێتە سعودیە. ئەو یەکێکە لەو کەسانەی پشتیوانی دۆزی فەڵەستین دەکات."
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین سێ جار جامی جیهانیی بەرزکردووەتەوە. یەکەمجار لە ساڵی 1978 بە سەرکردایەتیی دانیال پاسارێلا، ساڵی 1986 بە سەرکردایەتیی دیێگۆ مارادۆنا و ساڵی 2022 بە سەرکردایەتیی لیۆنێل مێسی.
یاریی کۆتایی مۆندیال رۆژی 18-12-2022 لە قەتەر بەڕێوەچوو و چەندین بەرپرسی وڵاتانی جیهان لەسەر بانگهێشتی میری قەتەر لە یاریگە ئامادە بوون، کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش یەکێک لە بانگهێشتکراوان بوو.