ژمارەی زیندانیکراوانی دۆسیەی هۆتێلە سووتاوەکەی تورکیا گەیشتە 19 کەس
رووداو دیجیتاڵ
ئۆپەراسیۆن بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بەرپرسن لە سووتانی هۆتێلەکەی پارێزگای بۆڵوی تورکیا بەردەوامە و ژمارەی دەستگیرکراوان گەیشتە 19 کەس.
سووتانی هۆتێل گراند کارتاڵکایا لە پارێزگای بۆڵو و گیانلەدەستدانی 78 کەس لە رووداوەکە، بووەتە دۆسیەیەکی دادگە و حکومەتی تورکیا پێداگری لە بەدواداچوون نیشان دەدات.
ئێوارەی یەکشەممە 26-1-2025، هەریەک لە سەدات گولەنئەر، یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانیی بۆڵو و کەنعان جۆشکون، بریکاری بەڕێوەبەری تیمی ئاگرکوژێنەوە و ئەحمەد دەمیر، بەڕێوەبەری گشتیی هۆتێلی گازێللێ و عیرفان ئاجار، کارمەندی بەرگریی شارستانی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کرا.
ئەوان دوای تەواوبوونی رێکاری یاسایی لە فەرماندەیی جەندرمەی بۆڵو، رەوانەی دادگە کران و بە بڕیاری دادگە خرانە گرتووخانە و ژمارەی ئەو کەسانەی لە دۆسیەی سووتانی هۆتێلەکەدا زیندانیکراون بۆ 19 کەس بەرزبووەوە.
کاژێر 03:30ی بەرەبەیانی رۆژی 21-1-2025، ئاگر لە نهۆمی چوارەمی هۆتێلە 12 نهۆمییەکەی پارێزگای بۆڵوی تورکیا کەوتەوە و بەهۆیەوە 78 کەس گیانیان لەدەستدا و 51 کەس بریندار بوون.
هۆتێلەکە دەکەوێتە ناوەندی خلیسکێنەی سەر بەفر لە کارتاڵ کایا کە دەکەوێتە سەر لووتکەی چیای کۆرۆغڵو لە پارێزگای بۆڵو.