گوتەبێژی ئاکپارتی: سەردانەکانی ئیمراڵی کۆتاییانهات و چاوەڕێی چەکدانانین

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رایگەیاند، سەردانەکانی شاندی ئیمرالی کۆتاییانهات و ئێستا چاوەڕوانن بڕیار بدرێت لە هەڵوەشاندنەوە و چەکدادانانی پەکەکە.
 
دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارتەکەی، عومەر چەلیک وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە. چەلیک سەبارەت بە سەردانی شاندی پارتی دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی گوتی، "قۆناخی سەردانەکان کۆتایی هات، ئەوەی لەمەودوا چاوەڕێ دەکرێت داوای هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکەیە".
 
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی ئێوارەی 27ی کانوونی دووەمی 2025 لە بارەگای سەرەکیی پارتەکەی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی ئەو بابەتانەی کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێکراون.
 
سەبارەت بە سەردانەکانی شاندی دەم پارتی بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە ئیمراڵی گوتی: "بە هیچ شێوەیەک ئەمە قۆناخی مامەڵەکردن نییە و بەهیچ شێوەیەک قۆناخی وەرگرتن و پێدان نییە".
 
عومەر چەلیک هەروەها گوتی: "وەک تورکیا لەم قۆناخەدا ئامانجی یەکەممان تورکیایەکی بێ تیرۆرە، دووەمیش رێگری و لەنێوبردنی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییانەیە کە بە ناوی گرووپی ئیتنیکی و مەزهەبییەوە دەیانەوێت لە ناوچەکانی نزیکمان لەسەر تێکدانی یەکپارچەیی و سەروەریی ئەو وڵاتانە، بۆ بەرژەوەندیی هەندێک وڵاتی دیکە خانەیەک دروست بکەن".
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی 2024، کە رۆژی کردنەوەی خولی نوێی پەرلەمان بوو تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد، رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد کە "بێتە پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە". دواتر داوای کرد شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان بکات لە ئیمرالی.
 
شاندی دەم پارتی رۆژی شەممە، 28ی کانوونی یەکەمی 2024 سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە کۆبووەوە. رۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە، کە تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
 
دوای ئەوە شاندەکە سەردانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە.
 
رۆژی شەممە، 11ی کانوونی دووەمی 2025 شاندەکە سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەی لە لە گرتووخانەی ئەدیرنە کرد، پاڵپشتیی دەمیرتاشیان لەبارەی پرۆسەکە بۆ رای گشتی راگەیاند.
 
شاندەکەی دەم پارتی بۆ جاری دووەم لە  22-1-2025 سەردانی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە. دواتر پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند: "کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان لەمەڕ پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە".