جەهەپە: دەمانەوێت هاوکاریی کۆبانی بکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی جەهەپە رایدەگەیێنێت، شارەوانییەکانی پارتەکەی ئامادەن هاوکاری بگەیێننە کۆبانێ و داوا دەکات لەبری تێپەڕین بە حەلەبدا، راستەوخۆ لە رێگەی دەروازەی مورشیدپنارەوە هاوکارییەکان بگوازرێنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 27-01-2026، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی لە ئەنقەرە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا باسی لە دۆخی مرۆیی رۆژئاوای کوردستان کرد.
ئۆزەل رایگەیاند، شارەوانییەکانی جەهەپە دەیانەوێت هاوکاری بگەیێننە کۆبانێ و گوتی: "بۆ ئەوەی لەم بابەتەدا هاوئاهەنگییەک بکرێت، من ئەمڕۆ هەم لەگەڵ ئەنجوومەنی شارەوانییە سۆسیال دیموکراتەکان و هەم لەگەڵ وەهاب سەچەر، سەرۆکی یەکێتیی شارەوانییەکانی تورکیا و سەرۆکی گەورە شارەوانیی مێرسین قسە دەکەم. پێویستە هاوئاهەنگیان بۆ بکرێت."
بە بڕوای سەرۆکی جەهەپە، پێویستە ئەو هاوکارییانەی لە تورکیاوە دەچنە کۆبانێ، لەبری ئەوەی بە حەلەبدا تێپەڕن، راستەوخۆ لە رێگەی دەروازەی "مورشیدپنار"ـەوە لە سرووچ بگەنە شارەکە.
ئۆزگور ئۆزەل رەخنەی لە سیاسەتی حکومەت گرت و گوتی: "کاتێک رێگە بۆ هەندێک گرووپی سەلەفی خۆش دەکەیت و شارەکان گەمارۆ دەدرێن و کارەبا دەبڕدرێت و پێنج منداڵ لە سەرما دەمرن و خەڵک رووبەڕووی برسێتی دەبێتەوە، لەبری ئەوەی لە ئێرەوە بارهەڵگری هاوکاری بنێریت، دەرفەت مەدە بە هۆکارەکانی ئەم قەیرانە."
بانگەوازەکەی ئۆزەل لە کاتێکدایە، کۆبانێ لە دۆخێکی مرۆیی سەختدایە؛ جیا لە گەمارۆدان، سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو، کارەبا و ئینتەرنێت لەسەر خەڵکی شارەکە بڕاون و تاوەکو ئێستا تەنیا رێگە بە گەیشتنی یەک کاروانی هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان دراوە.
پێشتر مەحجوب حەسۆ، بەرپرسی نووسینگەی مانگی سووری کوردی لە حەسەکە بە رووداوی راگەیاندبوو: "خەڵکی کۆبانی بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕن، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی فەرمی لەلایەن حکومەتەوە بۆ رێگەدان بە گواستنەوەی هاوکارییەکان رانەگەیێندراوە."
هەرچەندە لە چوارچێوەی کەمپەینی "رەنجی رووداو" زیاتر لە 80 بارهەڵگر هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان بەڕێکراوە، بەڵام هێشتا مەترسی هەیە رێگە بە گەیشتنی ئەو هاوکارییانە بۆ نێو کۆبانێ نەدرێت، ئەوەش بەهۆی ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەر شارەکە.