چوار بەربژێر رکابەرایەتیی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

ئێوارەی رۆژی دووشەممە وادەی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ئەو کەسانەی فراکسیۆنیان لە پەرلەمان نییە کۆتاییهات و تەنیا دوو لەو کەسانە توانییان 100 هەزار واژۆ کۆبکەنەوە؛ بەوەش ئێستا چوار بەربژێر بۆ رکابەرایەتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا ماونەتەوە.
 
دوای کۆتاییهاتنی وادەی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ بەربژێرانی بێ فراکسیۆن کە دەبوو 100 هەزار واژۆ کۆبکەنەوە، دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند 12 کەس خۆیان بەربژێرکردبوو و لەسەریان بوو 100 واژۆ کۆبکەنەوە، تەنیا موحەڕەم ئینجە، سەرۆکی گشتیی پارتی مەمەلەکەت و سینان ئۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتا توانیان بگەنە ئەو ژمارەیە.
 
رۆژی 22-3-2023 وادەی کۆکردنەوەی واژۆی خەڵک بۆ داواکارانی بەربژێربوون لەلایەن دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەستیپێکرد و تا ئێوارەی رۆژی 27-3-2023 بەردەوام بوو.
 
واژۆی داواکارانی بێ فراکسیۆن بۆ بەربژێریی سەرۆککۆماری تورکیا:
 
موحەڕەم ئینجە: 114 هەزار واژۆ
سینان ئۆغان: 111هەزار و 508 واژۆ
فاتیح ئەربەکان: 69 هەزار واژۆ
دۆغو پەرینچەک: 27 هەزار و 61 واژ
یەعقوب تورکاڵ: 3 هەزار و 137 واژۆ
ئەرکاڵ تورکتەن: 2 هەزار و 589 واژۆ
ئەحمەد ئۆزاڵ: هەزار و 544 واژۆ
عیرفان ئوزون: هەزار و 263 واژۆ
خەلیل موراد ئونڤەر: 538 واژۆ
هیلمی ئۆزدەن: 478 واژۆ
داود توران: 122 واژۆ
 
ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغان بووە بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور و کەمال کڵچدارئۆغڵوش بووە بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت.
 
دوای داخرانی ماوەی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا، دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان چوار ناوی وەکو بەربژێر بەرزکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە رۆژنامەی فەرمی بڵاوبکرێتەوە.
 
بەربژێرانی تورکیا بۆ پۆستی سەرۆککۆمار
کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت
رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور
موحەڕەم ئینجە، بەربژێری پارتی مەملەکەت
سینان ئۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتا
 
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، رۆژی 14-5-2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانیی تورکیا دەکرێت.