ئەردۆغان: 10 یاساناسم بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی دەستوورێکی نوێ راسپاردوون
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت، 10 یاساناسی راسپاردوون بۆ ئەوەی رەشنووسی دەستوورێکی نوێ بۆ تورکیا ئامادە بکەن.
لە کۆبوونەوەی رێکخستنەکانی پارتەکەی کە ئەمڕۆ سێشەممە 27-5-2025 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا پێداگری بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ وڵاتەکەی دووپاتکردەوە.
ئەردۆغان گوتی: "هەروەک چۆن 15ـی تەمموز گۆڕەپانمان لە کودەتاچییان بەرتەسک کردەوە، هەروەک چۆن لە هەڵبژاردندا تارمایی حوکمڕانیی سەپاندنمان لەنێوبرد، بە هەمان شێوە و بە دڵنیاییەوە ئەم گەلە لە شەرمەزاریی دەستووری کودەتا رزگار دەکەین".
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "لە دوێنێوە 10 لە هاوڕێ یاساناسەکانمانم خستوونەتە سەر ئەرک. ئەوان دەست بە کارەکانیان دەکەن؛ پشتیوان بەخودا کار بۆ دەستوورێکی نوێ دەکەین. ئێمە وەکو هاوپەیمانیی جمهوور (ئاکپارتی و مەهەپە) هیوادارین پارتەکانی دیکەش رۆڵیان هەبێت و زەوینەیەکی هاوبەش سازبکەین" بۆ ئەوەی ئەو ئەرکە جێبەجێ بکرێ.
ئەردۆغان نیگەرانی خۆی دەربڕی کە هێشتا وڵاتەکەی لە رێگەی دەستوورێکەوە بەڕێوەدەبرێت کە دوو ساڵ دوای کودەتاکەی ساڵی 1980 لەلایەن کودەتاچییانەوە نووسراوەتەوە و بە زۆرەملێ بەسەر خەڵکدا سەپێندرا.
چۆن دەکرێت گۆڕانکاری لە دەستووری تورکیا بکرێت؟
بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی تورکیا، دەنگی سێیەکی پەرلەمانتاران دەتوانێت گۆڕانکاری بکات.
واتە لە کۆی 600 پەرلەمانتاری تورکیا، 200 دەنگ پێویستە بۆ بەرزکردنەوەی پێشنیازنامەکە. بەڵام بۆ تێپەڕاندنی لە پەرلەمان، دەبێت 360 دەنگی بەڵێ کۆبکرێتەوە.
توانای پارتەکان بۆ گۆڕینی دەستوور
هاوپەیمانیی جمهوور نزیکترین هێزە بتوانێت ئەو گۆڕانکارییە بکات. ئەو هاوپەیمانییە ئاکپارتی و مەهەپە لەخۆدەگرێت. ئاکپارتی 273 کورسی و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) 47 کورسییان هەیە کە کۆی گشتیی کورسییەکانیان 320 کورسییە.
کەواتە هاوپەیمانیی جمهوور بە تەنیا ناتوانێت 360 دەنگی "بەڵێ" کۆبکاتەوە و دەستوور هەموار بکاتەوە.
جەهەپە 133 پەرلەمانتار، دەم پارتی 56 پەرلەمانتار و ئیی پارتی 29 پەرلەمانتاریان هەیە. هەروەها فراکسیۆنی یەنی یۆڵ کە پارتەکانی سەعادەت، داهاتوو و دەڤا پێکیانهێناوە، 23 کورسییان هەیە.
ئەگەر لە دانوستاندنەکاندا وەڵامی نیگەرانییەکانی کورد سەبارەت بە دەستوور بدرێتەوە و داواکارییەکانی کورد لە دەستوور جێبەجێ بکرێن، هاوپەیمانی جمهوور (ئاکپارتی و مەهەپە) دەتوانن بە پشتیوانیی دەم پارتی، بێ گەڕانەوە بۆ گشتپرسی و بە 376 کورسی لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمان، دەستوور بگۆڕن یانیش سەرلەنوێ بینووسنەوە.
هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ گۆڕینی دەستوور
رەجەب تەیب ئەردۆغان زۆرجار باسی لە پێویستیی تورکیای بە دەستوورێکی نوێ کردووە.
ئەردۆغان پێشتریش زۆر جار ئەو بابەتەی باسکردووە و داواشی لە ئۆپۆزیسیۆن کردووە هاوکاری نیشان بدەن.
پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن تاوەکو ئێستا بە روونی بابەتەکەیان رەتنەکردووەتەوە، بەڵام رەخنەیان لە ئاکپارتی هەیە بەوەی گوایە دەیەوێت دەستوورەکە لە خزمەت خۆیدا نوێ بکاتەوە.
ساڵی 2021 ئەردۆغان داوای لە ئۆپۆزیسیۆن کرد پێکەوە هەنگاوێکی لەو جۆرە بنێن و دەستوور هەموار بکەنەوە. ئەوکات فایەق ئۆزتراک، گوتەبێژی پارتی گەلی کۆماری جەهەپە گوتی: "ئەردۆغان هەر کاتێک باسی لە گۆڕانکاریی دەستوور کردبێت، خەڵک دۆڕاندوویەتی و خۆی قازانجی کردووە. ئەردۆغان هەموو جارێک بە ویستی خۆی جلوبەرگی بۆ دەستوور بەدوورین داوە".
بۆچی دەگوترێت دەستووری تورکیا بەرهەمی کودەتایە؟
هەرچەندە دەستووری ئێستای تورکیا کە ساڵی 1982 نووسراوەتەوە، 12 جار گۆڕانکاریی تێدا کراوە، بەڵام بەرپرسانی ئاکپارتی دەڵێن، ئەوە دەستوورێکە لە ئەنجامی کودەتاکەی ساڵی 1980 بە رۆحێکی کودەتایی نووسراوە، هەر بۆیە پێویستە بگۆڕدرێت.
دوای کودەتاکەی کەنعان ئێڤرەن، لە رۆژی 12ـی ئەیلوولی 1980 حکومەتی ئەوکات ناچالاک کرا و دەسەڵاتێکی سەربازیی بەڕێوەبردن راگەیێندرا.
دەسەڵاتەکە بە سەرکردایەتیی کەنعان ئێڤرەن دەستوورێکی نووسییەوە. رۆژی 7-1-1982 خەڵک بۆ پەسندکردن یان رەتکردنەوەی چوونە سەر سندووق.
لە کۆی 18 ملیۆن و 885 هەزار و 488 کەس کە دەنگیاندا، 17 ملیۆن و 215 هەزار و 559 کەس دەنگی "بەڵێ"یان بە دەستوورەکەی کەنعان ئێڤرەن دا. ئەو دەستوورەی ئێستا لە تورکیا بە بەرهەمی کودەتا وەسفدەکرێت، ئەوکات رەزامەندیی 91.3٪ـی تورکیای بەدەستهێنا و خرایە واری جێبەجێکردنەوە.