رۆژنامەڤانێک بەهۆی گوتەکانی لەبارەی ئۆجەلان دەستبەسەر کرا
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە بەهۆی رەخنەگرتن لە پەراوێزخستنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە دەستگیرکرابوو، مەردان یانارداخ ئەمڕۆ سێشەممە زیندانی کرا.
ئەو رۆژنامەڤانە بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 27-06-2023 گواسترایەوە بۆ دادگەی چاغڵایان لە ئیستەنبووڵ. دوای چاوەڕێکردن تاوەکو دوای نیوەڕۆ، بە بڕیاری دادوەر و بۆ دەستبەسەرکردن یانارداخ گواسترایەوە بۆ دادگەی سوڵح و سزا. لەو کاتەدا چەند کەسێک لە نزیکەکانی مەردان یانارداخ تەوقەیان لەگەڵدا کرد. یانارداخ بە رۆژنامەڤانانی گوت، بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکراوە.
لەوکاتەدا هەریەک لە پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز – یەسەپە؛ سڕی سورەیان ئۆندەر، جەیلان ئاکچا و هەڤاڵ بۆزداخ لەگەڵ ئەنیس بەربەرئۆغڵو، پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماری – جەهەپە بانگیان کرد و یەکدییان لەباوەش گرت. سڕی سورەیان ئۆندەر بە پێکەنینەوە گوتی، "دیارە دەبوو بەم شێوەیە یەکدی ببینین." مەردان یانارداخ هەمان گوتەکەی ئۆندەری بە پێکەنینەوە دووبارە کردەوە. دواتریش لەگەڵ پۆلیس رۆیشتن.
یەکشەممەی رابردوو 25-06-2023 مەردان یانارداخ لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا باسی لەوە کرد کە گۆشەگیرکردنی سەر ئۆجەلان یاسایی نییە. دوای ئەو گوتانەی رۆژنامەڤانەکە، داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ بڕیاری دەستگیرکردن و دادگەییکردنی دا. ئەوەبوو رۆژی دووشەممە دەستگیر کرا.
یانارداخ پێشترین چەند جارێک بەهۆی پۆست و گوتەکانیەوە رووبەڕووی لێپرسینەوە و دادگە کراوەتەوە. بەر لە هەڵبژاردن و رۆژی 12ـی ئایاری 2023 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیبوی، "ئەو گرووپەی کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت تیرۆر دەکەن لە ئازەربایجانەوە خۆیان گەیاندووەتە تورکیا".
یانارداغ لە تویتەکەیدا بانگەشەی ئەوەی کرد، کەسێك بەناوی غالیب ئۆزتورک خاوەنی کۆمپانیای میترۆ توریزم کە لە تورکیا هەڵاتووە و لە جۆرجیا دەژی، لە بەرامبەر ئەوەی تورکیا لێیخۆشبێت ئەم کارەی رێکخستووە و دەکرێت تیرۆرکردنەکە لە گردبوونەوەی شاری سامسوون رووبدات.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، بە تاوانی "بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشەکارانە بە ئاشکرا"، بە فەرمی لێکۆڵینەوەی لە دژی یانارداغ دەستپێکرد. دواتر بانگهێشتی داواکاری گشتی کرا بۆئەوەی وەکو "تۆمەتبار" لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.