لە تورکیا بەلەمێک بە 48 کۆچبەرەوە گیرا؛ عێراقیشی تێدایە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا 48 کۆچبەریان لە پارێزگای چاناککالێ (باکووری رۆژئاوای تورکیا) دەستگیر کرد کە بە گوتەی ئاسایش، هەوڵیاندەدا بڕۆنە ئەوروپا.
 
تیمەکانی سەر بە ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا ئێوارەی سێشەممە 27-06-2023 لە ئۆپەراسیۆنێکدا 48 کۆچبەریان لە کەناراوەکانی شارۆچکەی ئەجەئابات-ی سەر بە پارێزگای چاناککالێ دەستگیر کرد. بە گوتەی تیمەکانی ئاسایشی تورکیا، ئەو کۆچبەرانە لە هەوڵدا بوون بە شێوەیەکی نایاسایی بڕۆنە ئەوروپا. هەروەها چوار کەس بە گومانی رێکخستنی ئەو کۆچە دەستگیر کران.
 
تیمەکانی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی رۆژئاوای مەڕمەڕا، زانیاریی ئەوەیان پێگەیشت کە لە کەناراوەکانی ئەجەئابات، بەلەمێکی چارۆکەدار بە ژمارەیەک کۆچبەری نایاساییەوە لە رێگەدایە بەرەو ئیتاڵیا. تیمەکان بەلەمەکەیان خستە ژێر چاودێرییەوە و دواتریش ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ ناوچەکە دەستپێکرد.
 
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 48 کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکران کە هاووڵاتیی هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتانی ئەفغانستان، سووریا، پاکستان و عێراقیان لەگەڵدا بوو.
 
بەگوێرەی ئامارێکی فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا کە 16-3-2023 بڵاویکردووەتەوە، لە باکووری کوردستان و تورکیادا 3 ملیۆن و 447 هەزار و 837 هاووڵاتیی سووریا دەمێننەوە. بەگوێرەی هەمان ئامار لە 1-1-2023 تا 16-3-2023، 88 هەزار و 61 سووریایی تۆمارکراو تورکیایان جیهێشتووە.