جەهەپە بۆ ئاکپارتی: ناتوانن ئەتاتورک بسڕنەوە
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی جەهەپە رەخنەی تووندی لە ئاکپارتی گرت بەوەی لەکاتی یادکردنەوەی سەرکەوتنی تورکیادا وێنە و ناوی مستەفا کەمال ئەتاتورکیان لاداوە.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا درەنگی شەوی رابردوو 26-8-2025 بڵاوکرایەوە، موراد باکان، یاریدەدەری پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رەخنەی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا گرت بەوەی لەو پۆستەی بە بۆنەی سەرکەوتنی تورکیا کە بە (سەرکەوتنی مەزن) ناوی دەبەن، وێنە و ناوی ئەتاتورکیان لاداوە.
موراد باکان دەڵێت: "لەو پۆستەدا وێنە جێگیرەکەی مستەفا کەمال ئەتاتورکیان دەرهێناوە. دەبێت بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایش و وەزیری نێوخۆ بزانن بە بێ مستەفا کەمال ئەتاتورک یادی سەرکەوتنی مەزن ناکرێتەوە".
باکان هەروەها جەختیکردەوە کە رۆژێک دادێت ئەو کەسانە بخرێنە بەر لێپرسینەوە و گوتی: "بە لابردنی وێنەکەی و یادنەکردنەوەی ناوەکەی، ناتوانن مستەفا کەمال ئەتاتورک لە دڵی خەڵک بسڕنەوە و ناشتوانن لە 26ـی ئابدا پێشبینیی یادی سەرکەوتنی مەزن بە بێ ئەو بکەنەوە".
جەنگی تورکیا و یۆنان
سوپای تورکیا رۆژی 26ی ئابی 1922 لە پارێزگای ئافیۆن کاراهیسارەوە هێرشی کردە سەر سوپای یۆنان و هەتاوەکو رۆژی 30ی ئابی 1922 ناوچەکانی ئوشاک، دومڵوپنار، کوتاهیا و ئیزمیری کۆنترۆڵ کردەوە. سوپا لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەری کۆماری تورکیا سەرکردایەتی دەکرا.
ئەو رووداوە لای تورکەکان بە سەرکەوتنی مەزن دەناسرێت و ساڵانە یادی دەکرێتەوە.
ئەتاتورک کێیە؟
مستەفا کەمال ئەتاتورک کە لە تورکیا بە رزگارکەری وڵات لە دەستی هێزە رۆژئاواییەکان دەناسرێت، رۆژی 9ـی ئەیلوولی 1923 پارتی گەلی کۆماری - جەهەپەی دامەزراند. هەروەها رۆژی 29-10-1923 کۆماری تورکیای راگەیاند.
ئەتاتورک ساڵی 1923 تاوەکو 1950، 17 جار حکومەتی پێکهێنا؛ دواتر بەهۆی بوونی کێشەی ناوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردەی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند.