نەخۆشخانەی زانکۆی دیجلە لەبارەی بێشکچی: تەندروستیی ناجێگیرە

رووداو دیجیتاڵ

نەخۆشخانەی زانکۆی دیجلە راگەیێندراوێکی لەبارەی ئیسماعیل بێشکچی بڵاوکردەوە و دەڵێت، دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە.
 
لە راگەیێندراوێکی نەخۆشخانەی زانکۆی دیجلە کە بە واژۆی دکتۆر محەممەد ئاتا ئاکڵ بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، "ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە کاژێر 6:10 ئیسماعیل بێشکچی گەیێندرایە نەخۆشخانەکەمان. دوای چارەسەری سەرەتایی لە بەشی فریاکەوتن، بۆ بەشی ئاسایی نەخۆشخانە گوێزرایەوە. بەگوێرەی ئەو پشکنینانەی بۆی کرا، دەرکەوت بەهۆی گوشاری خوێنەوە تووشی خوێنبەربوونی مێشک بووە".
 
نەخۆشخانەکە رایگەیاندووە، دواتر بێشکچی بەپەلە بۆ بەشی چاودێریی چڕ گوێزرایەوە و دەڵێت: "ئەگەرچی ئاگای لەخۆیەتی، بەڵام بەهۆی ئەوەی خوێنبەربوونەکەی لە شوێنێکی هەستیارە، هێشتا مەترسی لەسەر ژیانی هەیە".
 
ئیسماعیل بێشکچی، نووسەری ناسراوی تورک و داکۆکیکاری مافی کورد، ئێوارەی شەممە 29-7-9-2025 لەکاتێکدا بەشداری لە نۆیەمین فێستڤاڵی سینەمای ئامەد کرد، تەندروستی تێکچوو و بەپەلە گەیێندرایە نەخۆشخانە.
 
ئەمڕۆ دووەمین رۆژی فێستڤاڵەکە بوو و یەکێک لەو بەرهەمانەی لە بەرنامەدا بوو، بایۆگرافی (ئیسماعیلی ئێمە) بوو کە تایبەت بوو بە ژیان و بەسەرهاتەکانی بێشکچی.