تورکیا 44 فڕۆکەی جەنگیی یۆرۆفایتەر دەکڕێت

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رێککەوتنامەی کڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی یۆرۆفایتەریان واژۆ کرد و تورکیا 12 فڕۆکە لە قەتەر، 12 لە عومان و 20یش لە بەریتانیا دەکڕێت.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و کەیر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رۆژی دووشەممە 27-10-2025 لە ئەنقەرە رێککەوتننامەی کڕینی فڕۆکەی جەنگیی یۆرۆفایتەریان واژۆ کرد.
 
دوای کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ستامەر لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار، شاندەکانی هەردوو وڵات کۆبوونەوە و دواتریش رێککەوتنامەی کڕینی فڕۆکەی جەنگیی یۆرۆفایتەریان واژۆ کرا.
 
تورکیا 44 فڕۆکەی یۆرۆفایتەر دەکڕێت
 
بەگوێرەی رێککەوتنامەکە، تورکیا 12 فڕۆکەی جەنگیی یۆرۆفایتەر لە قەتەر، 12 لە عومان و 20یش لە بەریتانیا دەکڕێت.
 
ئەردۆغان لەدوای واژۆکردنی رێککەوتننامەی کڕینی فڕۆکەی جەنگیی یۆرۆفایتەر گوتی: "رێکخستنەکانی جێبەجێکردن لەسەر دابینکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی یۆرۆفایتەر لە کۆبوونەوەی شاندەکان واژۆ کران. لەگەڵ بەڕێز ستامەر دا رێککەوتننامەی تایبەت بەم بابەتەمان واژۆکرد. ئەم تێگەیشتنە وەک نیشانەیەکی نوێی پەیوەندییە ستراتیژییەکانمان دەبینین."
 
ئەردۆغان: قەبارەی بازرگانیمان لەگەڵ بەریتانیا دەگەیەنینە 40 ملیار دۆلار
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گوتارێکدا کە لە کاتی رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنامەکە پێشکیشیکرد، گوتی: "دیالۆگی نزیک و باشمان لەسەر زۆر لەو بابەتانە هەیە کە کاریگەرییان لەسەر رۆژەڤی نێودەوڵەتی هەیە. خاڵی سەرەکیی گفتوگۆکانی ئەمڕۆمان پەیوەندیی بازرگانی و بەرگری بوو. بەریتانیا لە نێو گەورەترین هاوبەشە بازرگانی و وەبەرهێنەرەکانی وڵاتەکەماندایە. پێداگرین لەسەر ئەوەی لە قۆناخی یەکەمدا قەبارەی بازرگانیمان بگەیێنینە 30 ملیار دۆلار و دواتریش بۆ 40 ملیار دۆلار."
 
ئەردۆغان لە بابەتی ناساندنی دەوڵەتی فەلەستیندا سوپاسی بەریتانیای کرد
 
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لەو باوەڕەدان ئەم هاوئاهەنگییەیان لەگەڵ بەریتانیا دەرگا بۆ پڕۆژەی هاوبەشی پیشەسازیی بەرگری دەکاتەوە و گوتی: "لە کۆبوونەوەکەماندا هەروەها دەرفەتی گفتوگۆمان لەبارەی پێشهات و گۆڕانکارییەکانی غەززە هەبوو. بە ناوی خۆم و گەلەکەمەوە سوپاسی بەڕێز سەرۆکوەزیران دەکەم لەسەر بڕیارەکەیان بۆ ناساندنی دەوڵەتی فەلەستین. ئێمە ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێکی بوێر دەبینین. بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی زستان، گەیاندنی کۆمەکی مرۆیی پێویست بۆ خەڵکی غەززە زۆر گرنگە. باوەڕمان وایە لەم بوارەدا دەتوانین لەگەڵ بەریتانیا کار بکەین."
 
گوتیشی: "بەتایبەتی، پێویستە حکومەتی ئێستای ئیسرائیل کۆنتڕۆڵ بکرێت. هەروەها دوایین گەشەکانمان لە ئۆکراینا لەگەڵ سەرۆکوەزیران هەڵسەنگاند. دووپاتمان کردەوە کە پێویستە ئەم شەڕەی کە چوارەمین ساڵی تەواو دەکات، بە زووترین کات بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە چارەسەر بکرێت. بە دڵنیاییەوە، لە کاتێکدا هەوڵەکان بەردەوامن، پێویستە رێگە لە هەوڵەکانی کاراکتەرەکانی ناوخۆ و دەرەوە بگیرێت بۆ ناسەقامگیرکردنی وڵاتەکە. بە گەرمترین سۆزم سڵاوتان لێ دەکەم."
 
ستامەر: لە جاران زۆر زیاتر هاوئاهەنگیمان لەگەڵ تورکیا دەبێت
 
کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند: "زۆر دڵخۆشم کە لێرە لەگەڵتانم. ئێمە ئێستا لە جاران زۆر نزیکتر پێکەوە کار دەکەین و هاوئاهەنگیمان زیاترە. وەک هاوپەیمانانی ناتۆ کار دەکەین. پشتگیری لە ئۆکراینا دەکەین و هەوڵ بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین. هەروەها لە بابەتی غەززە هەوڵدەدەین دۆخەکە بگەیەنینە خاڵێکی باشتر."
 
ئاسایش، پیشەسازیی بەرگری، شەپۆلی کۆچبەران و بابەتی دیکەی پەیوەندیدار تەوەری دیکەی گفتوگۆی نێوان ئەردۆغان و ستامەر و شاندەکانیان بوو.
 
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی: "لە بواری ئاسایش، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کۆچ، وزە و زۆر بواری دیکەدا دەتوانین زۆر شت بکەین. ئێمە لێرەدا بڕیارمان لەسەر هەنگاوی گەورە بۆ هاوبەشیی ستراتیجی ناوە. بەریتانیا 20 فڕۆکەی یۆرۆفایتەر تایفۆن بۆ تورکیا دابین دەکات. ئەمە قووڵایی لە ناتۆ و هاوئاهەنگی لە پیشەسازیی بەرگریماندا زیاد دەکات. 20 هەزار دەرفەتی کار دەڕەخسێنرێت."
 
ستامەر هەروەها رایگەیاند: "لە دروستکردنی ئەم فڕۆکانەدا پێکەوە کار دەکەین. گفتوگۆ لە نێوان بازرگانان، پەرلەمانتاران و ئەکادیمییەکاندا دەکرێت. ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە. سوپاسی سەرۆککۆمار (ئەردۆغان) دەکەم لەسەر پێشوازییە گەرمەکەی و هاوبەشی کردنەکەی. زۆر بە تامەزرۆییەوە پشتگیری لە پێکەوە کارکردنمان دەکەم. دڵخۆش دەبم لە ساڵی داهاتوودا لە لووتکەی ناتۆدا دووبارە لە تورکیا بم".
 
لە پڕۆسەی یۆرۆفایتەردا ئەڵمانیا رەزامەندیی دەربڕیبوو
 
سەبارەت بە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی یۆرۆفایتەر بە تورکیا، حکومەتی ئەڵمانیا زووتر بە فەرمی رەزامەندیی لەسەر رێککەوتنەکە دەربڕیبوو. کۆمەڵەی کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی یۆرۆفایتەر کە ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیتاڵیا و ئیسپانیا تێیدا بەشدارن، رایگەیاندبوو، دانوستاندنەکان بۆ کڕینی 40 فڕۆکەی جەنگی لەلایەن تورکیاوە بەردەوامن".
 
تایبەتمەندییەکانی یۆرۆفایتەر تایفۆن چین؟
 
یۆرۆفایتەر تایفۆن، کە تورکیا دەستی بە پڕۆسەی دابینکردنی کردووە، لە نێو پێشکەوتووترین فڕۆکە جەنگییەکانی ئەوروپادایە. 
 
ئەو فڕۆکەیە کە لەلایەن ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیتاڵیا و ئیسپانیاوە پەرەی پێدراوە، وەک بەرهەمێکی گرنگی هاوکاریی بەرگریی نێودەوڵەتی دەردەکەوێت. پڕۆژەی یۆرۆفایتەر تایفۆن، دەستپێشخەرییەکی بەرگریی هاوبەشی ئەورووپایە کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا دەستی پێکرد. 
 
پڕۆسەی بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی فڕۆکەکە لەلایەن سێ کۆمپانیای سەرەکییەوە بەڕێوەدەچێت: ئەیربەس دیفێنس، سپەیس (ئەڵمانیا و ئیسپانیا)، بی ئەی ئی سیستمس (بەریتانیا)، لێئۆناردۆ (ئیتاڵیا). یۆرۆفایتەر تایفۆن، نەک تەنیا لەلایەن وڵاتانی بەرهەمهێنەرەوە، بەڵکو لەلایەن زۆر وڵاتانی دیکەشەوە بەکاردەهێنرێت. لە نێو ئەم وڵاتانەدا؛ ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، سعودیە، کوێت، قەتەر، نەمسا هەن.
 
یۆرۆفایتەر تایفۆن فڕۆکەیەکی جەنگیی فرە رۆڵە کە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانی و زەوینییەکان دیزاینکراوە. ئەمەش تایبەتمەندییە تەکنیکییە دیارەکانیەتی:
 
خێرایی: 2 هەزار و 495 کیلۆمەتر/کاژێر
دوورمەودایی: 2 هەزار و 900 کیلۆمەتر
 بەرزترین ئاستی فڕین: 16 هەزار و 764 مەتر
بزوێنەر: 2 × یۆرۆجێت ئی جەی 200 توربۆفان
رادار: کەپتۆر-ئی ئەی ئی ئێس ئەی 
لە ئاسماندا دەتوانێت سووتەمەنیی وەربگرێت
 
سیستمەکانی چەک
 
مووشەکی ئاسمانی مەودا کورت و مامناوەند وەک میتیۆر و ئەی ئای ئێم- تۆپی 27 ملیم لە جۆری ماوسەر بی کەی-27.