لە ئیستەنبووڵ مینیپاسێک کەوتە نێو دۆڵێک و 4 کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی ئەسەنیوڕتی ئیستەنبووڵ، مینیپاسێک لە کۆنترۆڵ دەرچوو و کەوتە دۆڵێک، لە رووداوەکەدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا و7 کەسی دیکەش بریندارن.
رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 27-12-2025، لە گەڕەکی یەشیلکێنت لە ناوچەی ئەسەنیوڕت روویدا. ئەو گەڕەکە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن و سەرۆکی شارەوانییەکەشی کوردە.
مینیپاسەکە تایبەت بووە بە گواستنەوەی کرێکارانی ژن و دوای ئەوەی کۆنترۆڵی لەدەستداوە، وەرگەڕاوە و دواجار لە دۆڵێکدا وەستاوە.
تیمەکانی تەندروستی و بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و بریندارانیان گواستەوە نەخۆشخانە، پۆلیسیش دەستی بە لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی رووداوەکە کرد.
بەگوێرەی راپۆرتی دامەزراوەی ئامار، لە 6 مانگی یەکەمی 2025، لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 313 هەزار و 868 رووداوی هاتوچۆ روویانداوە.
لەو رووداوانەدا هەزار و 125 کەس گیانیان لەدەستداوە و 184 هەزار و 831 کەسیش بریندار بوون.
بەراورد بە ساڵی پێشوو (2024) ئەم ساڵ رووداوی هاتوچۆ لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 9٪ بەرزبووەتەوە.