پارتی سەرلەنوێ رەفاهی تورکیا: کورد لەو وڵاتەی لێی دەژین خاوەن مافی یەکسانن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی سەرلەنوێ رەفاهی تورکیا دەڵێت، پارتەکەی رەتیدەکاتەوە کورد بە چاوی پەکەکە، یەپەگە و هەسەدە سەیربکرێت.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە، سوعات کڵچ، گوتەبێژی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ گوتارێکی پێشکێش کرد و هەڵوێستی پارتەکەی لەبارەی کورد نیشاندا.
لەبارەی تێڕوانینی پارتەکەی بەرامبەر کورد، کڵچ گوتی، "هەرگیز هاووڵاتییانی کورد و برا کوردەکانمان لە سووریا، لەگەڵ رێکخراوە تیرۆرستییەکان بە هەمان چاو نەبینیوە و ناشیبینین. لێکچوونی لەم شێوەیەش رەتدەکەینەوە."
گوتەبێژی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ گوتی، "کوردەکان لە تەواوی ئەو وڵاتانەی تێیاندا دەژین، هاووڵاتیی خاوەن مافی یەکسانن. لە سووریا عەرەب و تورکمان چی بن، لە دیدی ئێمەدا کوردیش هەمان شتە. نامانەوێت زیان بە پەنجەی هیچ یەک لە براکانمان بگات."
پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ:
- پارتێکی ئیسلامییە و ساڵی 2018 دامەزراوە.
- فاتیح ئەربەکان، دامەزرێنەر و سەرۆکی پارتەکەیە و کوڕی نەجمەدین ئەربەکان دامەزرێنەری پارتی رەفاهە.
- نەجمەدین ئەربەکان، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا بوو و لە ساڵانی نێوان 1996-1997 و بە کودەتایەکی سەربازی کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هێنرا.
- ناوی سەرلەنوێ رەفاهـ لە پارتی رەفاهی نەجمەدین ئەربەکانەوە وەرگیراوە.
- سەرلەنوێ رەفاهـ چوار کورسیی لە پەرلەمانی تورکیا هەیە.
- لە پارتی سەعادەت جیابووەوە. ئێستا هەریەک لەو دوو پارتە خۆیان بە درێژەپێدەری رێبازی نەجمەدین ئەربەکان دەزانن.