هاکان فیدان دەڵێ، ئەردۆغان و ماکرۆن رێنمایی سیاسییان بۆ پەرەدان بە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات پێداون

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێ، چەند ئامانجێکمان لەپێشە و یەکێکیان نوێکردنەوەی رێککەوتنی یەکێتیی گومرگی و ئەوی دیکەشیان جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاسانکاریی ڤیزەیە.
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ژان نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا رایگەیاند، پێکەوە باسی پەیوەندییەکانی تورکیا و فەرەنسا، پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا، ئاسایشی ئەورووپا و پێشهاتە هەرێمی و جیهانییەکانیان کردووە.
 
فیدان گوتی، "پەیوەندییەکانی تورکیا و فەرەنسا، پەیوەندییەکانی فەرەنسا و یەکێتیی ئەورووپا و ئەو بابەتە هەرێمی و جیهانییانەی کە پەیوەندییان بە هەردوو وڵاتەوە هەیە، بە وردی تاوتوێ کران."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، بایەخێکی زۆر بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەدەن و گوتی، "هەردوو سەرۆککۆمار، بەڕێز ماکرۆن و بەڕێز ئەردۆغان رێنمایی سیاسییان پێ داوین بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و فەرەنسا زیاتر بەرەو پێش ببەین."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێ، کار بۆ بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو وڵات لە هەموو بوارەکاندا دەکەن و رایگەیاند، "بە هەموو توانامانەوە کاردەکەین بۆ ئەوەی پەیوەندییە بازرگانی، ئابووری، سیاسی و بوارەکانی دیکەی نێوان هەردوو وڵات باشتر بکەین."
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتیی ئەورووپاش، هاکان فیدان گوتی، "لەگەڵ هاوکارە بەڕێزەکەم بیروڕامان گۆڕییەوە لەبارەی ئەوەی چۆن بتوانین ئەو چەقبەستووییەی ئێستا لە پرسەکانی تورکیا و یەکێتیی ئەورووپادا هەیە تێپەڕێنین و چی بکرێ باشە."
 
لەبارەی ئاسایشی ئەورووپا، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، "لە چوارچێوەی ئاسایشی ئەورووپادا، گفتوگۆیەکی تایبەتمان کرد لەبارەی ئەوەی چۆن بتوانین لەنێو ناتۆدا ئاسایشی ئەورووپا بەرەو پێش ببەین."
 
فیدان ئەوەشی خستەڕوو کە دۆخی سووریا، غەززە، پێشهاتەکانی ئێران، ئاسایشی دەریای نێوەڕاست و جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، تەوەری گرنگی کۆبوونەوەکە بوون؛ هەروەها باسی بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوەی داعشیان کردووە.
 
هەروەها جان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ئاماژەی بە بوونی پەیوەندییەکی تۆکمە لە نێوان تورکیا و فەرەنسا کرد و گوتی، "سەرۆککۆمارەکانمان لە هەموو بابەتەکاندا بەردەوامن لە گفتوگۆ. منیش لە دوای سەردانەکەی 2ی نیسانەوە، بەردەوام لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پەیوەندیدام. ئەمەش بۆ سەقامگیریی هەرێمی و نێودەوڵەتی زۆر گرنگە."
 
بارۆ رایگەیاند، فەرەنسا پاڵپشتی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لەلایەک و پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەرمینیا لە لایەکی دەکات و گوتی، "کردنەوەی سنوورەکان و زیادکردنی چالاکییە هەرێمییەکان بۆ خۆشگوزەرانیی ناوچەکە زۆر گرنگە."
 
بارۆ سوپاسی هاوکارییەکانی تورکیای کرد لە پرسی ئۆکراینا و ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا لە تەممووزی داهاتوودا میوانداریی لووتکەی ناتۆ دەکات.