ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا کۆدەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا، ئەمڕۆ چوارشەممە 28-01-2026 یەکەم کۆبوونەوەی ساڵی نوێ بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەکات. کۆبوونەوەکە لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە بێشتەپە لە ئەنقەرە دەبێ.
 
بەگوێرەی میدیایی تورکیا، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەبێت و پێشهات و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) تاوتوێ دەکرێن. 
 
ئەنقەرە لە نزیکەوە چاودێریی گۆڕانکارییەکانی سووریا دەکات و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکات؛ هاوکات رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حکومەتی دیمەشق و هەسەدە تاوتوێ دەکرێ.
 
هەروەها پرسە ئەمنییەکان لە هەردوو رەهەندی نێوخۆ و دەرەوە تاوتوێ دەکرێن.
 
ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە کۆبوونەوەکەدا باس دەکرێن. هەروەها پێداچوونەوە بەو رێکارانەدا دەکرێ کە دژ بە مەترسییە ئەمنییەکان لە ئاستی ناوچەکەدا دەگیرێنەبەر.
 
هەروەها لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیادا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا دەخرێنە بەرباس. 
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا باڵاترین ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی دەستوورییە کە بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایشی تورکیا لە بەرامبەر هەڕەشە نێوخۆیی و دەرەکییەکان بڕیار دەردەکات. 
 
ئەنجوومەنەکە بە سەرۆکایەتیی سەرۆککۆمارە و بەشێک لە وەزیرەکان ئەندامن تێیدا؛ هەروەها سوپاسالار و فەرماندەی هێزەکانیش ئەندامن و لە دۆخی ئاساییدا ئەنجوومەکە دوو مانگ جارێک کۆدەبێتەوە.