ئیبراهیم کاڵن: هەوڵ دەدرێت شەڕێکی درێژخایەن لە نێوان تورک، کورد، عەرەب و فارسدا هەڵگیرسێنرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) رایگەیاند، شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران تەنیا بە چەند ئامانجێکی سەربازییەوە سنووردار نییە، بەڵکو زەوینەسازییە بۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ناوچەکە و دەکرێ ئەنجامی زۆر قووڵ و درێژخایەنی لێ بکەوێتەوە.
کاڵن راشیگەیاند، ویست هەیە لەسەر دروستکردنی هێڵێکی ململانێ لە نێوان تورک، کورد، عەرەب و فارس کە رەنگە چەندین دەیە بخایێنێت و تورکیا ئامادەی ئەو سیناریۆیانەیە.
ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت، لە گوتارێکیدا لە (لووتکەی نێودەوڵەتیی پەیوەندییە ستراتیژییەکان) گوتی:" ئەو شەڕەی ئیسرائیل دەستیپێکردووە تەنیا توانای ئەتۆمیی ئێرانی نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو لە هەمان کاتدا مەترسیی دروستکردنی دوژمندارییەکی هەمیشەیی لە نێوان گەلانی رەسەنی ناوچەکەدا هەیە. تورکیا هەوڵێکی چڕی دیپلۆماسی دەدات بۆ ئەوەی شەڕەکە تەشەنە نەسێنێت، ئەنجامی وێرانکەری لێ نەکەوێتەوە و زیانی گەورە دروست نەکات؛ مەترسییە راستەقینەکە زەمینەسازییە بۆ شەڕێکی براکوژیی وەها کە چەندین ساڵ لە ناوچەکەدا بەردەوام بێت".
کاڵن لە دیدارێک بەناوی (پارادایمی نوێ لە پەیوەندییەکاندا: زانیاری، هێز و گێڕانەوە)، کە رۆژی شەممە 28-3-2026 لەلایەن سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەرۆککۆماری تورکیاوە لە ئیستەنبووڵ رێکخرابوو، ئاماژەی بەوە کرد جیهان لە دوای پەتای کۆرۆناوە لە چەندین قۆناخی هەستیار، قەیران و وەرچەرخان تێپەڕیوە.
"تورکیا هەوڵی زۆری دا بۆ رێگریکردن لەو جەنگە"
لەبارەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کاڵن گوتی:" شەڕی 12 رۆژەی حوزەیرانی پار لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا روویدا، تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ ئەو بارودۆخە کردەییەی ئێستا هەیە. لەو کاتەدا ئێمە لە نێوەندی شەڕی ئیسرائیل-ئەمریکا-ئێرانداین کە لە 28ی شوباتەوە دەستی پێکردووە و مانگێکە بەردەوامە. جا بۆ رێگریکردن لەم شەڕە و رێگری لە سەرهەڵدانی سەرەتاکان، بە سەرۆکایەتیی سەرۆککۆمارمان و وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری، ئێمە و سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکان هەوڵێکی زۆر چڕمان دا. بەردەوام جەختمان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە سیستمێکی جیهانیی بنیاتنراو لەسەر بنەمایەکی پێشبینینەکراو و بەکارهێنانی ئارەزوومەندانەی هێز، تەنیا قەیران و شەڕی نوێ بەرهەم دەهێنێت."
کاڵن جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا هەوڵ دەدات خۆی لەم شەڕە بەدوور بگرێت و گوتی: "بەداخەوە ئەو جەنگە ناوچەییەی ئیسرائیل دەستی پێکردووە، خەریکە دەبێتە قەیرانێکی جیهانی و وەک سەرۆککۆمارمان دەڵێت، خەریکە دەبێتە جەنگێک کە 8 ملیار مرۆڤ باجەکەی دەدات."
"یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم جەنگە دروستکردنی شەڕی نێوان تورک، کورد، عەرەب و فارسە"
ئیبراهیم کاڵن لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە بوونی ئاگرێکی گەورەی فیتنە لە ناوچەکە کرد و گوتی:"ئامانجی دارێژراوی ئەم جەنگە، تەنیا لەناوبردنی توانای ئەتۆمیی ئێران نییە، بەڵکو زۆر لەوە مەترسیدارتر، نانەوەی تۆوی شەڕی براکوژییە لە نێوان پێکهاتە بنەڕەتییەکانی ناوچەکەدا کە تورک، کورد، عەرەب و فارسن، بە جۆرێک چەندین دەیە بخایەنێت. وەک تورکیا تا کۆتایی بە چاوکراوەییەوە رووبەڕووی ئەمە دەبینەوە. ئێمە وەک تورکیا هەرگیز نابینە لایەنێک کە کۆلکەدار بخاتە سەر ئاگری فیتنە. ئێمە دەزانین دۆست کێیە و دوژمن کێیە و لە سەر ئەم رێگەیەش لا نادەین."
"ئیسرائیل تەنیا بە ئێرانەوە ناوەستێت"
سەرۆکی میت ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل تەنیا بە ئێرانەوە ناوەستێت، بەڵکو لە رێگەی دروستکردنی دیفاکتۆ لە لوبنان، سووریا و فەڵەستین، بەدوای سیاسەتی نوێی لەناوبردن و داگیرکاریدا دەگەڕێت و گوتیشی:"ئەوەی لەم رۆژانەی دواییدا لە لوبنان روودەدات، هەوڵێکە بۆ دروستکردنی بارودۆخێکی هاوشێوەی ئەوەی ساڵی 1974 لە بەرزاییەکانی گۆلان روویدا."
"نابێت ئەکتەری سەرەکیی هەڵگیرسێنەری شەڕەکەمان بیر بچێت"
ئیبراهیم کاڵن رەخنەی لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو گرت و گوتی:"هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو قبوڵکراو نین، بەڵام نابێت هیچ کات ئەوەمان بیر بچێت کە کێ ئەکتەری سەرەکییە و شەڕەکەی دەستپێکردووە. بۆ ئەمەش پێویستە گوشارەکانی سەر ئیسرائیل زیاد بکرێن."
"تورکیا پشتگیری لە هەوڵەکانی پاکستان دەکات"
لە کۆتاییدا کاڵن پشتگیریی تورکیای بۆ هەوڵەکانی پاکستان وەک نێوەندگیر دەربڕی و گوتی: "ئیسرائیل هاوشێوەی کاتی پێش جەنگەکە، ئێستاش لە رێگەی هێرشەکانی دوو رۆژی رابردوویەوە هەوڵدەدات هەر دەسپێشخەرییەک بۆ گفتوگۆ و پەیوەندی لەبار ببات. ئێمە شەو و رۆژ کار دەکەین بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە و دوای شەڕیش کار بۆ بنیاتنانی تەلارێکی ئەمنیی ناوچەیی دەکەین کە لەسەر داینامیکە ناوخۆییەکانی خۆمان بێت."
بەرپرسانی باڵای تورکیا بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە خۆیان بێ لایەن دەگرن. هاوکات ئەو هێرشانەی ئەمریکا و ئیسرائیل بە پێشێلکاری دەزانن کە دەکرێنە سەر تاران.