ئەردۆغان لە قەدەخەی سیاسەتەوە بۆ زیاتر لە دوو دەیە مانەوە لە دەسەڵات
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەو سەرکردە سیاسییەی تورکیا کە بەهۆی خوێندنەوەی هۆنراوەیەکەوە لە ساڵی 1997 خرایە زیندانەوە و سیاسەتی لێ قەدەخەکرا، زیاتر لە 20 ساڵە ئەو وڵاتە بەڕێوە دەبات.
لە ئەیلوولی ساڵی 1998 ئەوکاتەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ بوو، رایگەیاند، "لەبەر ئەوەی هۆنراوەیەکم خوێندووەتەوە سزادراوم. سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەم بڕیارە لە مێژووی یاسایی میللەتەکەماندا تراژیدیە و لاپەڕەیەکی شەرمەزارکەرە."
ئەردۆغان لە ئابی 2001 دا ئاکپارتی دامەزراند و لە یەکەم هەڵبژاردنی دوای دامەزراندنی حیزبەکەیدا کە ساڵی 2002 کرا، 34.3٪ـی دەنگەکانی بردەوە و بووە خاوەنی 363 کورسیی پەرلەمان.
لە ماوەی دوو دەیەی دەسەڵاتیدا، چەند هەنگاوێکی بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا ناوە.
لە 2013دا پرۆسەی ئاشتی دەستیپێکرد و شەڕی دەوڵەت و پەکەکە وەستا. لە هەمان ساڵدا، لە ئامەد رێوڕەسمێكی گەورە و فەرمی بۆ پاڵپشتی لە پرۆسەی ئاشتی بەڕێوەچوو. تێیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆک مەسعود بارزانی ئامادەبوون.
سەرۆککۆماری تورکیا بە درێژایی ئەم بانگەشەی هەڵبژاردنە چەند جارێک گوتی، هەنگاوی پێویستی بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە وڵاتەکەیدا ناوە.
ئەردۆغان لە 14-04-2023 رایگەیاند، "ئەوانەی لە خەمی مافی خوشک و برا کوردەکانمانن، پێویستە دەستبەرداری چەک بن و وەک پارچەیەکی دانەبڕاوی وڵاتەکەمان، جێگەی خۆیان لەداهاتووی هاوبەشی وڵاتەکەمان بکەنەوە."
سەرباری ناڕەزایی بەشێكی خەڵک لە شێوازی بەڕێوەبردنی تورکیا و دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ پەکەکە، ئەردۆغان لایەنگری زۆرە و هاوپەیمانییەکەشی لە هەڵبژاردنەکەی 14ـی ئایاردا زۆرینەی پەرلەمانی بردەوە و لە 25 پارێزگاکەی باکووری کوردستانیشدا 60 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.