محەممەد شیمشەک: تورکیای بێ تیرۆر دەستکەوتی ئابووری دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا دەڵێت، دەستکەوتە ئابوورییەکانی پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" زۆر زیاددەبن.
محەممەد شیمشەک، رۆژی سێشەممە، 27ـی ئایاری 2025، لە کۆنفرانسێکدا بە ناونیشانی "پێشهاتەکانی ئابووریی تورکیا و جیهان و بینینی داهاتوو" کە لە لایەن سەرۆکایەتیی کۆماری قوبرسی تورکیای باکوور رێکخرابوو، گوتارێکی پێشکێش کرد.
شیمشەک رایگەیاند، تورکیا لە 50 ساڵی رابردوودا نزیکەی 1.8 تریلیۆن دۆلاری لە خەبات دژی پەکەکە خەرجکردووە، ئەم ژمارەیە رەنگە ئەمڕۆ گەیشتبێتە سەرووی دوو تریلیۆن دۆلار.
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا ئاماژەی بەوەدا، ئاڕاستەکردنی ئەم سەرچاوەیە بۆ ئابووری نەک بۆ تیرۆر، دەتوانێت بەشێوەیەکی بەرچاو خۆشگوزەرانی وڵات بەرزبکاتەوە.
شیمشەک گوتی، "بە کۆتاییهاتنی تیرۆر، بەدەستهێنانی سەرچاوە ژێر زەوییەکانی ناوچەکە و هێزی گەنج بۆ ناو ئابووری زۆر گرنگە، هەروەها وەبەرهێنان بۆ ئەو ناوچانەی کە کەرتی تایبەت تێیدا دوودڵە زیاد دەکات".
شیمشەک لە گوتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، بەهۆی ئەو بەرنامەیەی کە جێبەجێیان کردووە، دابەزینی هەڵاوسان بەردەوام دەبێت و گوتی: "دابەزینی هەڵاوسان ئەمساڵیش بەردەوام دەبێت. هەڵاوسانی کاڵا سەرەکییەکان بۆ 20% دابەزیوە، هەروەها هەڵاوسانی سەرجەم کاڵاکان بە گشتی بۆ 31%دابەزیوە و هەڵاوسانی بەرز لە کەرتی خزمەتگوزارییەکاندا روو لە دابەزینە. لە ساڵی 2025 ـدا هەڵاوسان بەردەوام دەبێت لە دابەزین. لە ئەنجامی دابەزینی هەڵاوساندا تورکیا وەبەرهێنانی زیاتر دەکات و دەتوانێت پێشبینی داهاتوو بکات."