ئەنجامی راپرسییەکی هەڵبژاردن لە تورکیا: ئاکپارتی یەکەمە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی دوایین راپرسی، کە لەلایەن کۆمپانیای ئۆرک لە تورکیا کراوە، ئەگەر لەم هەفتەیەدا هەڵبژاردن بکرێت، ئاکپارتی یەکەم و جەهەپە دووەمە. جیاوازیی نێوان رێژەی دەنگی ئەو دوو پارتە سەرەکییەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن 0.5 خاڵە.
کۆمپانیاکە ئەمڕۆ دووشەممە 28ـی تەمموزی 2025، ئەنجامی راپرسییەکەی بۆ مانگی تەمموز لە سۆشیاڵمیدیا بڵاوکردەوە. راپرسییەکە لە رۆژانی نێوان 24-26ـی تەممووز لە 26 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا لەرێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ سێ هەزار و 160 بەشداربوو کراوە.
پرسیار لە بەشداربووان کراوە "ئەگەر ئەم یەکشەممەیە هەڵبژاردن بکرێت، دەنگ بە کام لایەن دەدەی؟".
بەپێی ئەنجامەکان، پارتی داد و گەشەپێدان- ئاکپارتی بە 30.7٪ یەکەمە، پارتی گەلی کۆماری- جەهەپە بە 30.2٪ دووەمە، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی- مەهەپە بە 8٪ سێیەمە، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان- دەم پارتی بە 7.2٪ چوارەمە.
ئەنجامی راپرسی کۆمپانیای ئۆرک بۆ مانگی تەمموزی 2025
پارتی داد و گەشەپێدان-ئاکپارتی: 30.7٪
پارتی گەلی کۆماری-جەهەپە: 30.2٪
پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپە: 8٪
پارتی یەکسانی دیموکراسی گەلان-دەم پارتی: 7.2٪
ئیی پارتی: 6.1٪
پارتی زافەر: 4٪
پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ : 3.2٪
پارتی سەعادەت: 2.3٪
پارتی نەتەوەیی و تازەگەری: 2.1٪
پارتی گۆڕانی تورکیا: 2٪
پارتی وەتەن: 1.8٪
ئەوانی دیکە: 2.4٪
لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە 14ی ئایاری 2023 دا، ئاکپارتی35.61٪ و جەهەپە 25.33٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، جیاوازی دەنگی هەردوو پارتەکە 10.28٪ بوو.