یانەی ژنانی گەڤەر لەلایەن ئەردۆغانەوە پێشوازیی لێکرا

رووداو دیجیتاڵ

یانەی تۆپی پێی ژنانی گەڤەر دوای سەرکەوتنیان بۆ خولی یانە پلە نایابەکانی تورکیا، لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێشوازییان لێکرا.
 
تیپی تۆپی پێی ژنانی گەڤەر نوێنەرایەتیی شارۆچکەی گەڤەری سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان دەکەن.
 
بەهۆی سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکەکانی، رۆژی چوارشەممە 27-8-2025 دەستەی کارگێڕی و یاریزانانی ژنانی یانەی گەڤەر لە کۆشکی کۆماری لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێشوازییان لێکرا.
 
ژنانی گەڤەر دوو درێسیان پێشکێشکی ئەردۆغان کرد کە لەسەر یەکێکیان ناوی 'رەجەب تەیب ئەردۆغان' و لەسەر ئەوەی دیکەش ناوی 'ئەمینە ئەردۆغان' (هاوژینی ئەردۆغان) نووسرابوو. 
 
تیپەکە بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێدا بتوانێت رکابەری لەسەر پلەکانی پێشەوە بکات، پێکهاتەکەی بەهێز کرد.
 
کارگێڕیی یانەکە 12 یاریزانی نوێی هێناوەتە ریزەکانی، لەوانە دەریال ئارهان لە فەنەرباخچەوە، بەیزا کۆجاتورک لە یانەی فۆمگێتەوە، جەبرانی سولەیمانی گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی تونس و ئایتاچ شەریفۆڤا، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئازەربایجان.
 
یانەی گەڤەر، دوای یانەی هێزی هەکاری، دووەم تیپە کە لە خولی نایابی تورکیادا نوێنەرایەتیی پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان دەکات.
 
ژنانی گەڤەر ئێستا لە مەشق و راهێنانێکی زۆر چڕن و دەڵێن، بۆ ئەم وەرزە چاویان لە بەدەستهێنانی خولی نایاب و رکابەریی یانە گەورەکانە.
 
تیپی تۆپی پێی ژنانی گەڤەر (یوکسەکئۆڤا سپۆر)، ساڵی 2016 دامەزرا.
 
ساڵی 2024دا بووە پاڵەوانی خولی یانە پلەدووەکانی تورکیا و گەیشتە خولی پلە یەک. ئەمساڵیش بووە پاڵەوانی خولی یانە پلە یەکەکان و سەرکەوت بۆ خولی نایابی تورکیا. ئەو زنجیرە سەرکەوتنانەی ژنانی گەڤەر، لە تەواوی تورکیا و باکووری کوردستاندا بووەتە رۆژەڤ.