یاریدەدەرێکی باخچەلی: مەهەپە هەوڵی بۆ دیالۆگ داوە نەک شەڕ و پێکدادان

رووداو دیجیتاڵ
 
یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) رەخنە لە جەهەپە و ئیی پارتی دەگرێت و دەڵێ، پارتەکەیان بە دەستپێشخەریی پرۆسەی چارەسەری زۆر شتی گۆڕیوە و کۆتایی بەو بازنە داخراوە هێناوە کە زیاتر لە 40 ساڵ بەردەوام بوو.
 
سەمیح یاڵچن، رۆژی یەکشەممە 28-12-2025، راگەیێندراوێکی نووسراوی لەبارەی هەڵوێستی ئەنقەرە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و تێڕوانینی لەبارەی پێشهاتەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە.
 
یاڵچن دەڵێ، "مەهەپە لە مێژووی سیاسیی 56 ساڵەی تورکیادا، بە تێگەیشتنێکی سیاسیی بونیاتنەرانە، بەئاگایی و ئارامییەوە، بێ سازش و لێبووردن، هەمیشە ناونیشانی سەقامگیری و متمانە بووە."
 
بەشێک لەو پارت و لایەنانەی دژایەتیی پرۆسەی چارەسەری دەکەن، رەخنە لە مەهەپە دەگرن بەوەی دەوڵەت باخچەلی دەستپێشخەریی بۆ پرۆسەکە کردووە و بانگهێشتی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بۆ پەرلەمان کردووە.
 
یاڵچن لە وەڵامی ئەو لایەنانە رایگەیاند، مەهەپە هەرگیز لە سیاسەتدا کورتی نەهێناوە، بەڵکو هەمیشە لە پێگەیەکدا بووە کە چارەسەر و بیرۆکە بەرهەم دەهێنێت و گوتی: "مەهەپە کاتی خۆی بە شتی لاوەکییەوە بەفیڕۆ نەداوە، بەڵکو ئەجێندای دروست کردووە و کاری لەسەر کردووە. بە ئەوپەڕی پێداگرییەوە هەنگاوی بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان ناوە. هەندێک جار قاڵبە باو و چەقبەستووەکانی شکاندووە، هەندێک جاریش بە هەنگاوی سەرسوڕهێنەر پێشوەختە کۆتایی بە بڕیارە نادروستەکان هێناوە و خزمەتی بە سیاسەت کردووە. هەوڵی داوە کەشی دیالۆگی سیاسی و سازان باڵادەست بێت، نەک کولتووری شەڕ و پێکدادان."
 
جێگری سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند، "لە رۆژە سەختەکانی تورکیادا، مەهەپە بە ئازایەتییەوە هاتە پێشەوە و گەورەترین بەرپرسیارێتی گرتە ئەستۆ و کادیرەکانی خۆی فیدای ئارامی، خۆشگوزەرانی، ئاسایشی وڵات و خەڵک کردووە."
 
یاریدەدەرەکەی دەوڵەت باخچەلی هەروەها رایگەیاند، "پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی هاوشێوەی دوینێ، ئەمڕۆش جێگیر و خاوەن هەڵوێستە."
 
لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی باخچەلیش دەڵێ: "ئەو هەڵمەتەی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتەکەمان بە ناوی 'تورکیایەکی بێ تیرۆر' دەستی پێکردووە، رەنگدانەوەی سرووشتی ئەو دیدگە و ئەرکە سیاسییە فرەڕەهەندەیە. ئەم هەڵمەتە لە زۆر بواردا زۆر شتی گۆڕیوە؛ هەندێک بەردی لە جێی خۆی جووڵاندووە و هەندێک پلانیشی تێکداوە. کۆتایی بەو بازنە داخراوە هێناوە کە زیاتر لە 40 ساڵە بەردەوام بوو".
 
"خیانەتی راستەقینە دژایەتیکردنی تورکیایەکی بێ تیرۆرە"
 
یاڵچن ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی دەستپێشخەری و هەوڵەکانەوە، سەرۆکی مەهەپە و حیزبەکەی بە گشتی رووبەڕووی هێرشی ناڕەوا بوونەتەوە. "ئەوانەی یەکەمجار دژی ئەم هەنگاوە وەستانەوە، ئەو کەسانەن کە ئامرازەکانی دنەدانیان لەدەست چوو. ئەوانەی لە رۆڵی کاریگەر و بونیاتنەرانەی مەهەپە نیگەرانن، بوونە ئۆپۆزیسیۆن. هێرشی تووند و کەمپەینی بێڕێزی لە سۆشیاڵ میدیا دژی ئێمە دەستی پێکرد و مەهەپەیان بە خیانەتکردن لە پرۆسەکە و خەڵک تۆمەتبار کرد. لەکاتێکدا خیانەتی راستەقینە، دژایەتیکردنی 'تورکیایەکی بێ تیرۆر'ـە. 
 
"تورکیا هێزی لەنێوبردنی باڵی سووریای پەکەکە، داعش و فەتۆی هەیە" 
 
ئەو بەرپرسەی مەهەپە پێیوایە تەنیا ئاشتیی ناوخۆی تورکیا بەس نییە، بەڵکو پێویستە سەرچاوەکانی شەڕ و پێکدادان لە دەرەوەی سنوورەکانیش وشک بکرێن. 
 
لەمەوە چووە سەر باسی رۆژئاوای کوردستان و گوتی:"باڵی سووریای پەکەکە (هەسەدە) هێشتا نەهاتووەتە سەر رێگە و هەڕەشەیە لەسەر سنوورەکانی باشوور بەردەوامە.
 
هەروەها گوتی: "سەرەتا رێگەی دیپلۆماسی و ئامۆژگاری دەگیرێتەبەر، بەڵام ئەوەی بە ئامۆژگاری نەیەتە سەر ڕێ، سزادانی بۆ دەمێنێتەوە. تورکیا خاوەن ویست و هێزە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانەی نایەنە سەر رێگە. تورکیا هێزی ئەوەی هەیە باڵی سووریای پەکەکە، داعش، فەتۆ و هەموو گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە بۆ هەمیشە لەناو ببات".
 
یاڵچن هەروەها رەخنەی تووندی لە جەهەپە و ئیی پارتی گرت و رایگەیاند کە ئەوان "رەشبینی و نائومێدی" لە ناو گەلدا بڵاو دەکەنەوە و گوتی: "تورکیا ئێستا لە ناوچەکە و لە جیهاندا یاریزانێکی نوێ و کارەکتەرێکی جیهانییە. کاتێک 'تورکیایەکی بێ تیرۆر' دەگاتە ئامانج، دەستی وڵاتەکەمان بەهێزتر دەبێت و ئەو کۆت و بەندانەی ئەمپریالیزم چەندین ساڵە خستوویەتییە پێیەکمان، دەپسێن".
 
پرۆسەی چارەسەری
 
زیاتر لە ساڵێكە پرۆسەیەکی نوێ بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکردووە. لەو چوارچێوەیەشدا لە پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و یەکسانی پێکهێنراوە.
 
قۆناخی کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی تایبەت بە پرۆسەکە لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکان تەواو بووە. ئێستا لەو قۆناخەدایە کە پارتەکان راپۆرتی خۆیان پێشکێش بە کۆمیسیۆن دەکەن.
 
لە ماوەی دوو مانگەکەدا، ئەو راپۆرتانەی کە پێشنیازی چارەسەریی پارتە سیاسییەکانیان تێدایە، لەلایەن تیمی نووسینەوە تاوتوێ دەکرێن و راپۆرتی کۆتایی کە رێکخستنی یاساییش لەخۆدەگرێت، دەنووسرێتەوە.
 
چاوەڕوان دەکرێت کۆمیسیۆنەکە لەم ماوەیەدا راپۆرتەکەی ئامادە بکات.
 
کۆمیسیۆنەکە کە دوای بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە پێکهێنراوە، لە پێنجی ئابدا دەستی بە کارەکانی کرد و گوێی لە چین و توێژە جیاوازەکان گرت. بەمەش قۆناخی گوێگرتن کۆتاییهات و پێی نایە قۆناخێکی نوێ کە ئامادەکردنی راپۆرتی کۆمیسیۆنەکەیە. 
 
سەرجەم لایەنەکان راپۆرتیان پێشکێشکردووە و چاوەڕوان دەکرێ تیمێکی تایبەت راپۆرتی کۆتایی ئامادە بکات و دوای پەسندکردنی لەلایەن ئەندامانی کۆمیسیۆنەوە، پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا بکرێ.