پەرلەمانی تورکیا داوای هەدەپەی بۆ سەردانکردنی ئیمرالی رەتکردەوە
رووداو- ئەنقەرە
پەرلەمانی تورکیا داوایەکی هەدەپەی رەتکردەوە لەبارەی سەردانیکردنی شاندی ئیمرالی بۆ لای ئۆجەلان، لەبەرامبەریشدا هەدەپە سوورە لەسەر ئەوەی شاندەکەیان سەردانی ئیمرالی بکات و لە دۆخی تەندروستی ئۆجەلان بپرسن.
کەمال ئاڤچی، پەیامنێری رووداو لە ئەنقەرە رایگەیاند، پارتی دیموکراتی گەڵان (هەدەپە) داوای کردبوو رێگە بە شاندی ئیمرالی بدرێت سەردانی ئیمرالی بکات بەمەبەستی ئاگاداربوون لە دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 17 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بەڵام داواکەیان لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە رەتکراوەتەوە.
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، داواکەی هەدەپە لەکاتێکدایە ماوەی ساڵێکە هیچ شاندێکیان سەردانی ئیمرالی نەکردووە بۆ ئەوەی لە دۆخی تەندروستی ئۆجەلان ئاگاداربن، ئەوەش بووەتە جێی نیگەرانی هەدەپە.
کەمال ئاڤچی هەروەها گوتی "وەزیری دادی تورکیا بە هەدەپەی راگەیاندووە دۆخی تەندروستی ئۆجەلان زۆر ئاساییە، بەڵام هەدەپە سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت شاندی ئیمرالی سەردانی ئۆجەلان بکات و، بۆ ئەو مەبەستە هەدەپە بەنیازە جارێکی دیکە داوایەک ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا بکات بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر داواكەیان پیشانبدەن".