گەرگەرلیئۆغڵو بۆ رووداو: بڕیاری دادگە لە دۆسیەی دەدەئۆغوڵڵاری مەترسییە بۆ دروستبوونەوەی شەڕ


رووداو دیجیتاڵ

لە یەکەمین دۆسیەی کوژرانی حەوت ئەندامی خێزانێکی کوردی پارێزگای کۆنیای تورکیادا هیچ گومانلێکراوێکی دەستبەر نەما و هەموویان ئازادکران. عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان -هەدەپە لەوبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داواکاریی ئێمەیان بۆ یەکخستنی هەردوو دۆسیەکە رەتکردەوە و بڕیارێکی وەهایان دا کە ئەگەر هەیە دوژمنداریی نێوان ئەو دوو بنەماڵەیە سەرهەڵبداتەوە". 
 
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو ئەمڕۆ شەممە، 29-10-2022، بە رووداوی گوت: "رۆژی 28-10-2022 لە کۆنیا لەگەڵ ژمارەیەک کەس کە پێکهاتبوون لە چەتین دەدەئۆغوڵڵاری [تاکە ئەندامی خێزانەکە کە لە ژیاندا ماوە] و بارۆ جیاوازەکانی پارێزگاکان بەشداریمان لە دانیشتنی دادگاییەکە کرد. ئێمە داوامان کرد هەردوو دۆسیەی خێزانی دەدەئۆغوڵڵاری، واتە هێرشە نەژادپەرستانەکەی رۆژی 12-5-2022 و کۆمەڵکوژییەکەی رۆژی 30-7-2021 کە تێیدا حەوت ئەندامی خێزانەکە کوژران، یەکبخرێن، بەڵام دادوەر ئەمەی قبووڵنەکرد و بڕیاری ئازادکردنی دوو تۆمەتباری دۆسیەی یەکەم کە عەلی کەلەش و لوتفی کەلەش بوون، دەرکرد".
 
دادوەر پرسیاری پارێزەری خێزانی دەدەئۆغڵڵاریی پشتگوێ خست
 
لەبارەی ئازادکردنی دوایین دوو گومانلێکراوی هێرشەکەی 12-5-2021، عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو رایگەیاند: "سەرکۆنەی ئەو بڕیارە دەکەین. بڕیاری وەها قبووڵناکەین. پارێزەرانی هاوڕێمان تا دوایین سات بەدواداچوون لەم دۆسیەیەدا دەکەن. هەروەها کۆمەڵگەش قبووڵی ناکات. من وەکو هەدەپە لە کۆنیام و بە وردی چاودێریی دۆسیەکە دەکەم".
 
گەرگەرلیئۆغڵو لەبارەی پرۆسەی دادگاییەکە لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا گوتی: "پارێزەری لایەنی بەرامبەر بە دادوەری گوت کە شەڕەکە لەسەر بابەتی نەژادپەرستی و بابەتی کوردبوون و تورکبوون نەبووە، بەڵکو ئەو دوو خێزانە خۆیان دوژمندارییان لە نێواندا هەبووە. دادوەر ئەو گوتەیەی بە هەند وەرگرت و لەسەر ئەو بنەمایەش رووداوەکەی بە شتێکی سادە لە قەڵەمدا. پارێزەری خێزانی دەدەئۆغوڵڵاری داوای لە دادوەر کرد لە لایەنی تۆمەتبار بپرسێت چۆن لەسەر کوژرانی 11 سەربازی تورکیا قسەی نەشیاویان بە کورد گوتووە؟ کەچی دادوەر ئەو پرسیارەی ئاراستەی ئەوان نەکرد".
 
گەرگەرلیئۆغڵو لەوکاتەدا لەگەڵ بەشێک لە پارێزەر و مافناسان سەرکۆنەی بڕیارەکەیان کرد و لە هۆڵی دادگاییەکەدا کرانە دەرەوە. ئەوان لە دەرەوە درێژەیان بە سەرکۆنەکردنی بڕیارەکە دا. 
 
لە دۆسیەی یەکەمیشدا بڕیاری هاوشێوە دەدرێت
 
هەروەها لەبارەی دۆسیەی دووەمی دەدەئۆغوڵڵاری کە تایبەتە بە کوژرانی حەوت ئەندامی خێزانەکە لە لایەن محەممەد ئاڵتوون، گەرگەرلیئۆغڵو رایگەیاند، بەگوێرەی ئەوەی خۆی لەنێو هۆڵی دادگەدا بینیویەتی، بۆچوونی وایە کە هەمان شێواز بۆ دۆسیەی یەکەمیش جێبەجێ بکرێت. هاوکات گوتی: "لەو باوەڕەدام لەو دۆسیەیەشدا هاوشێوەی دۆسیەی یەکەم تەنیا سزای محەممەد ئاڵتوون بدرێت کە بکوژەکەیە و ئەوانی دیکەش بە شێوەیەک ئازاد بکرێن".
 
چەتین دەدەئۆغوڵڵاری، تاکە ئەندامی خێزانی دەدەئۆغوڵڵاری کە لە ژیاندا ماوە و تەمەنی 40 ساڵە؛ ئێستا چەتین لەلایەن حکومەتەوە پاسەوانی تایبەتی بۆ دانراوە و بچێتە هەر شوێنێک ئەو پاسەوانانە لەگەڵیدان و ئەرکیان پاراستنیەتی. چەتین لە هەمان گەڕەکی خۆیەتی و لایەنی بەرامبەریش بە بڕیاری دادگە لەو شوێنە نەماون. 
 
لەمبارەیەوە گەرگەرلیئۆغڵو دەڵێت: "لێرەدا خاڵێکی گرنگ هەیە. چەتین دەدەئۆغوڵڵاری و ئێمەش چاوەڕێی بڕیارێکی لەمجۆرەمان نەدەکرد. دادپەروەری بۆ ئەوەیە بڕیاری دادگەرانە دەربکرێت و سزای تاوانبار بدرێت کە بەمەش دڵنەوایی خزم و کەسی کوژراو دەدرێ، بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینین هیچ دڵنەواییەک بۆ خزمانی دەدەئۆغوڵڵاری نییە. هیوادارم هیچ رووداوێکی ناخۆش روونەدات و دووبارە هەواڵی جەرگبڕ نەبیستین، بەڵام ئەم بڕیارەی دادگە مەترسیدارە و ئەگەری دووبارە دروستبوونی شەڕی هەیە، چونکە ئێستا کەسانێکی ستەملێکراو هەن کە لە بەرامبەر دادگەدا هیوابڕاو ماون. کەسانێکیش هەن کە دەستیان لە کوشتندا هەیە و بە ئازادی لە دەرەوە دەسووڕێنەوە".
 
وردەکاریی رووداوەکان
 
بەر لە کوژرانی ئەو حەوت هاونیشتمانییە کە زۆربەیان ژن و بەتەمەن بوون، رۆژی 12-5-2022 هەمان ئەو گرووپە تورکە شۆڤێنیە هێرشیان کردە سەر ماڵی دەدەئۆغوڵڵاری. نزیکەی 30 کەس بەسەر ئەو ماڵە کوردەیان دادا و لێیاندان و سووکایەتییان پێکردن. خێزانی دەدەئۆغوڵڵاری سکاڵایان تۆمارکرد و هەریەک لە هێرشکاران عەلی کەلەش و لوتفی کەلەش دەستگیرکران و بە بریاری دادوەر خرانە گرتووخانە. 
 
رۆژی 30-7-2021 کەسێک بە ناوی محەممەد ئاڵتوون بە چەکەوە هێرشیکردە سەر خێزانی دەدەئۆغوڵڵاری و لەکاتێکدا ئەوان هیچ چەکێکیان لانەبوو، تەقەی لێکردن. لەو هێرشەدا هەریەک لە یاشار دەدەئۆغوڵڵاری و هاوژینەکەی ئیپەک (57 ساڵ)، کچەکانی: سەراپ (33 ساڵ)، سەرپیل (29 ساڵ)، سیبێل (35 ساڵ) و کوڕەکانی: مەتین (42 ساڵ) و بارش (31 ساڵ) لەلایەن محەممەد ئاڵتوونەوە کوژران. بکوژ دواتر ماڵەکەی خێزانی دەدەئۆغوڵڵاریی گڕ تێبەردا و سووتاندی. ئەوەبوو رۆژی 4-8-2021 دەستگیرکرا و درایە دادگە. 
 
دوو دۆسیەکەی دەدەئۆغوڵڵاری
 
ئێستا دوو دۆسیە لە دادگەدا هەیە کە یەکەمیان تایبەتە بە هێرشە 60 کەسییەکە و ئەوەی دووەمیشیان تایبەتە بە کوژرانی حەوت ئەندامی ئەو خێزانە. لە دۆسیەی یەکەمدا کە هەریەک لە عەلی کەلەش و لوتفی کەلەش لە گرتووخانەدا بوون و دانیشتنی دادگەییان بەردەوامە، ئازادکران. بەمجۆرەش لە دۆسیەی یەکەمدا ئێستا هیچ کەسێک لە ژوورەوە نییە. لە دۆسیەی دووەمیشدا پرۆسەی دادگەیی محەممەد ئاڵتوون و حەوت تۆمەتباری دیکە درێژەی هەیە و رۆژی 27-10-2022 داواکاری گشتیی داوای سزای زیندانیی هەتاهەتایی بۆ کردن و نووسراوی بەرزکردەوە.