دەم پارتی: دەتوانین ئەو هەڵانە راست بکەینەوە کە 102 ساڵە قەیرانی قووڵیان خوڵقاندووە


رووداو دیجیتاڵ

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری تورکیادا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەسەر تێگەیشتن لە چەمکی کۆمار و پرسی کورد کردەوە.
 
نووسینەکەی هاوسەرۆکی دەم پارتی لەلایەن دەم پارتیشەوە بڵاوکرایەوە، لە بەشێکیدا هاتووە: "بێ ئەوەی تێبگەین بۆچی پێویستمان بە کۆمار بوو، ناتوانین ئەمڕۆ لە وردەکاری تێبگەین. وەڵامی زۆر لە پرسیارەکان لەنێو ئەم پرسیارەدا شاراوەیە". 
 
تونجەر باکرهان دەڵێ: "لە روانگەی مێژوو و کۆمەڵناسییەوە، تورکیا هاوکات رۆژهەڵاتە و رۆژئاوایشە؛ نەریتییە و مۆدێرنیشە. ئەوەی وای لێدەکات بێهاوتا بێ هەر ئەمەیە. رەنگە ئێستا کاتی ئەوە هاتبێت کە بەبێ گەورەکردنی ئەم ناکۆکییانە، تێیان پەڕێنین و گفتوگۆ بکەین. باس لە پێکەوە خوێندنەوەی یونس ئەمرە، ئەحمەدی خانی و نازم حیکمەت بکەین".
 
"راستکردنەوەی هەڵەکان"
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە رووبەرووی ئەو گریمانە هەڵانە ببنەوە لەبارەی کۆماری تورکیاوە هەن و دەڵێ: "ئەو بیرۆکەیەی دەوڵەت لەسەرووی کۆمەڵگە و هاووڵاتی دادەنێ، لە عوسمانییەکانەوە دەستیپێکرد و لە دامەزراندنی کۆماردا کاریگەریی خۆی پاراست، بەڵام دەبێ ئێمە پەیوەندییەکی راستەوخۆ و بنەڕەتی لەگەڵ کۆمار و سەروەریی گەل دروست بکەین. بەڵێ، کۆمار جگە لەوەی شێوازێکی بەڕێوەبردنە کە لەسەر سەروەریی گەل دامەزراوە، هاوکات رووخسار، یەکپارچەیی و بەردەوامیی دەوڵەتە". 
 
باسی لەوەش کرد، "دیموکراسیش وەک فۆرمێک پێناسە کرا کە گەل تێیدا بەشدارە. دواتر هەمیشە شایەتی ئەوە بووین کە دەوڵەت لە هەر کاتێکدا هەستی بە هەڕەشە لەسەر مانەوەی خۆی و ئایدیۆلۆژیای دامەزراندن کردبێ، دیموکراسی وەک بەهایەکی بنەمایی نەبینیوە، بەڵکو وەک رێکارێک سەیری کردووە کە دەکرێ بەپێی دۆخی سیاسی هەڵبگیرێ. ئەمە هەڵە بوو و دەرکەوتنی ئەم هەڵەیە زۆرترین کاریگەریی لە پرسی کورد هەبوو".
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی باس لەوە دەکات، گرژییەکانی تایبەت بەم بابەتە کە کێشەی دژەدیموکراسین، هێشتا چارەسەرنەکراون و دەڵێت: "پێمان وایە پێویستە ئەو ناکۆکییە چارەسەر بکەین کە لە نێوان ئەوە ماوەتەوە ئایا کۆمار وەک سیستمێکی ماف و دیموکراسی دەبینرێ یان وەک شێوازێکی ژیان. بە واتایەکی دیکە، ئەگەر دیموکراسی وەک مافێک و کۆماریش وەک بەرپرسیارێتیی قبووڵ بکەین، دەتوانین ئەو هەڵانە راست بکەینەوە کە 102 ساڵە قەیرانی قووڵیان خوڵقاندووە".
 
زمانی نوێی ئاشتی لە تشرینی یەکەمی پارەوە 
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی باسی نزیکەی یەک ساڵ لەمەوبەری کرد کە لە رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمدا دەوڵەت باخچەلی بە تەوقەکردن لەگەڵ بەرپرسانی دەم پارتی دەستی بە پرۆسەیەکی چارەسەری کرد.
 
باکرهان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێ: "ئەو پرۆسەیەی لە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 دەستیپێکرد، وەرچەرخانێکی مێژووییە بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورک و کورد لەسەر بنەمایەکی دیموکراسی. ئەم پرۆسەیە تەنیا چارەسەرکردنی کێشەیەک نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ بونیاتنانی کۆمارێکی دیموکراسی". 
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی باس لە شەڕی چەندین دەیەی رابردووی نێوان پەکەکە و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەکات و دەڵێت: "ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەم ئازارە بهێنین و پێکەوە ئاشتی و دیموکراسی بونیات بنێین. دەتوانین ئەمە بە گفتوگۆی دیموکراسییانە بەدی بهێنین. ئەزموونی 100 ساڵی رابردوو و پەندە تاڵەکانی 50 ساڵی ململانێ، زۆر شتی فێرکردین. ئاشتی تەنیا بێدەنگبوونی چەک نییە، بەڵکو دامەزراندنی هاووڵاتیبوونی یەکسان، بەشداریکردنی دیموکراسی و ئازادیی رادەربڕینە".
 
تونجەر باکرهان باسی دامەزراندنی کۆماری تورکیا دەکات و لە بابەتی بەشداریکردنی کورد لەو دامەزراندنەدا: "روونە کە کۆمار وەک پڕۆژەیەکی رزگاری و دامەزراندن لەدایکبوو. لەم ماوەیەدا، کورد لە کاتێکدا هاوبەشی سەرەکی پرۆسەی رزگاربوون بوو، کرایە بابەتی قۆناخی دامەزراندن. واتە ئەو گیانی هاوپەیمانییەی بۆ سەرەتا پێویست بوو، کاتێک گەیشتە قۆناخی دامەزراندنی دەوڵەت و نەتەوە، گۆڕدرا بۆ شێوازێکی ناوەندی. لەم رووەوە، هەوڵی ئێستای ئاشتی، لەڕاستیدا هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن و بیرهێنانەوەی ئەم چیرۆکی دامەزراندنە".
 
ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری تورکیا
 
29ـی ئۆکتۆبەری هەموو ساڵێک، یادی دامەزراندنی کۆماری تورکیا دەکرێتەوە و شەقامەکان بە ئاڵای تورکیا و وێنەی مستەفا کەمال ئەتاتورک دەڕازێندرێنەوە.
 
مستەفا کەمال ئەتاتورک، رۆژی 29-10-1923 لە پەرلەمانی تورکیادا کۆماری تورکیای راگەیاند، ئەمەش دوای گۆڕانکاری بوو لە دەستووری بەڕێوەبردنی تورکیا کە لەوێوە سەردەمی بەڕێوەبردنی عوسمانی کۆتاییهات و حوکمی کۆماری دەستیپێکرد.
 
تورکیا لە 1923ەوە تاوەکو ئەمڕۆ 12 سەرۆککۆماری هەبووە؛ یەکەمیان مستەفا کەمال ئەتاتورک بوو کە 15 ساڵ سەرۆککۆمار بوو، دوایینیان رەجەب تەیب ئەردۆغانە کە 11 ساڵە سەرۆککۆمارە.
 
درێژترین ماوەی سەرۆککۆماری ئەتاتورکە و کورتترینیش تورگوت ئۆزاڵ بوو کە تەنیا 4 ساڵ (1989-1993) لە پۆستەکەیدا بوو و گیانی لەدەستدا.