وەزیری ناوخۆی تورکیا: سێ پۆلیسمان لەلایەن داعشەوە کوژران و هەشتی دیکەش بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
عەلی یەرلیکایا، وەزیری نێوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی دژی شانە نووستووەکانی داعش؛ سێ پۆلیسیان کوژرا و هەشت پۆلیس و پاسەوانێکیش بریندار بوون، هەروەها شەش ئەندامی داعش کوژراون.
بەیانیی رۆژی دووشەممە، لە 15 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان؛ لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوکات دا هێزەکانی پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر 108 ناونیشان کە گومانی بوونی ئەندامانی داعشیان لێ دەکرا.
یەکێک لەو شوێنانەی ئۆپەراسیۆنەکەی لێ بەڕێوەچوو، پارێزگای یاڵۆڤا بوو، لەو شارە پێکدادان لە نێوان پۆلیس و ئەو گرووپەدا روویدا کە گومانی ئەندامیەتیی داعشیان لێ دەکرا.
پێکدادان لە کاژێر 2ی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، دەستیپێکرد و کاژێر 09:40 کۆتایی هاتووە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی: "لەوکاتەی هێزەکان هەڵیانکوتایە سەر کۆڵانی سەحەر لە گەڕەکی عیسمەت پاشا، تیرۆرستانی داعش تەقەیان لە پۆلیس کردووە. بەداخەوە سێ پۆلیسمان شەهید بوون. هەشت پۆلیس و پاسەوانێکمان بریندار بوون. لەو پێکدادانەدا شەش تیرۆریست بە مردوویی دۆزرانەوە. ئەو تیرۆرستانە هاووڵاتیی تورکیان".
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ماوەی مانگێکی رابردوودا و لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش، لە 137 کەس خراونەتە زیندانەوە. هەروەها بڕیاری ئازادکردن بە مەرجی دادی بۆ 97یان دەرچووە.