ئەردۆغان و پزیشکیان بە تەلەفۆن قسەیان کرد

رووداو دیجیتاڵ
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گفتوگۆی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کرد.
 
سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەرۆککۆماریی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەینی 30-1-2026 رەجەب تەیب ئەردۆغان و مەسعود پزیشکیان بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
 
هەردوو سەرکردە تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئێران و گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکەیان کرد. ئەردۆغان لە پەیوەندییەکەدا جەختی لەوە کردەوە، تورکیا ئامادەیە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان، رۆڵی ئاسانکار لەنێوان ئێران و ئەمریکادا بگێڕێت.
 
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، هەر ئەمڕۆ هەینی 30-1-2026 پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئێران دەکات کە لە وڵاتەکەیدایە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە واشنتن و تاران هەڕەشە لە یەکدی دەکەن.
 
گوتەبێژی سوپای ئێران هەڕەشەی کرد، کە ئەگەر هێرش بکرێتەسەر وڵاتەکەیان، دەستبەجێ بنکە سەربازییەکان و کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا دەکاتە ئامانج. 
 
ئەمەش دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریدا "کات لەبەردەم تاران نەماوە" و یەکێتیی ئەورووپاش سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە.