تورکیا رەتی دەکاتەوە لە بەرژەوەندیی ئێران بچێتە نێو شەڕەکەوە


رووداو دیجیتاڵ

تورکیا ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن دەکرێ ئەنقەرە لە بەرژەوەندیی ئێران بچێتە نێو جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران. 
 
ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست کە سەر بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیایە، رۆژی دووشەممە 30 ـی ئاداری 2026 راگەیێندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەو دەنگۆیانەی لە هەندێک پلاتفۆرمی سۆشیاڵ میدیادا بڵاوکراونەتەوە کە گوایە تورکیا لە بەرژەوەندیی ئێران دەچێتە نێو شەڕەکەوە یان دەچێتە نێو لوبنان دەنگۆی چەواشەن.
 
لە راگەیێندراوەکەدا، ئەوە بیر هێنراوەتەوە کە تورکیا لە سەرەتای قەیرانەکەوە بە ئاشکرا هەڵوێستی خۆی خستووەتەڕوو کە لایەنگری شەڕەکە نییە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، تورکیا هەوڵی دیپلۆماسیی چڕی داوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، رێگریکردن لە گەورەبوونی و دابینکردنی ئاشتییەکی هەمیشەیی.
 
ناوەندەکە رایگەیاندووە، ئەو دەنگۆیانەی باس دەکرێن ''بەشێکن لە شەڕێکی دەروونی'' و ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانج لەم جۆرە بڵاوکراوانە زیانگەیاندنە بە وێنای نێودەوڵەتیی تورکیا و خستنە ژێر سێبەری رۆڵی کارای ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا.