داوای پێنج ساڵ بەندکردن بۆ عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ناڕەزایی دەربڕین لە نێو باڵەخانەی پەرلەمانی تورکیا، داوای پێنج ساڵ زیندانیکردنی عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری متمانەلێسەندراوی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەکرێت، کە لە 2ی نیسانی ئەمساڵ بەتۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە دەستگیرکرا و لە گرتووخانەی سینجان لە ئەنقەرە دەستبەسەرە.
لە تۆمەتنامەیەکدا، کە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنقەرە ئامادەکراوە و رەوانەی دادگای سزا قورسەکان کراوە، ئاماژە بەوە دراوە، عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو دامەزراوەی فەرمیی دەوڵەتی بەشێوەیەکی خراپ بەکارهێناوە و پێشێلی پارێزبەندییەکانی کردووە.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنقەرە لە تۆمەتنامەکەدا نووسیویەتی، دوای یەکلاییبوونەوەی بڕیاری دادگا کە تێیدا سزای زیندانیکردنی گەرگەرلیئۆغڵو یەکلایی بووەتەوە، بەگوێرەی مادەی 84ی دەستوور، لە دانیشتنی ژمارە 60 لە 17ی ئاداری 2021دا بڕیارەکە لە پەرلەمان خوێندراوەتەوە و مافی پەرلەمانی لێسەنراوەتەوە، بەڵام سەربازی ئەوە گەرگەرلیئۆغڵو لە رۆژانی 18-19 و 20ی ئاداردا وەک پەرلەمانتار رەفتاری کردووە و لە پەرلەمان ماوەتەوە و بەمەش پێشێلکاری کردووە. لە تۆمارەکانی پەرلەمانیشدا ئەم دۆخە پشتڕاست کراوەتەوە.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنقەرە بەو هۆیەوە داوای 5 ساڵ زیندانیکردنی گەرگەرلیئۆغڵوی کردووە.
رۆژی چوارشەممە 17ی ئاداری 2021 پەرلەمانی تورکیا مافی پەرلەمانتاری لە عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو پەرلەمانتاری هەدەپە وەرگرتەوە، کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ تیرۆری درایە پاڵ و بە 2 ساڵ و 6 مانگ زیندانیکردن سزادرا.
گەرگەرلیئۆغڵو، دوای بڕیارەکە باڵەخانەی پەرلەمانی جێنەهێشت و لە هۆڵی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان مایەوە. لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی کۆماری و بە پاساوی کردنەوەی دۆسیەیەکی نوێی لێکۆڵینەوە کاژێر 6:30 خولەکی 21ی ئادار لە پەرلەمان دەستبەسەر کرا و هەمان رۆژ دوای ئەوەی گوتەی لێوەرگیرا، ئازاد کرا. دواتر لە 2ی نیسانی 2021 دەستگیرکرا و خرایە زیندانەوە.
گەرگەرلیئۆغڵو، کە لە هەمانکاتدا داکۆکیکاری سەرخەستی مافی مرۆڤە و 14ەمین پەرلەمانتاری هەدەپەیە پارێزبەندی لێوەردەگیرێتەوە. گەرگەرلیئۆغڵو بەردەوام تیشکی دەخستە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کە لە میدیاکانی ئەو وڵاتەدا باس نەدەکران. دوایین بابەت کە لە تورکیا وروژاندی، پرسی رووتکردنەوەی زیندانیان بوو بۆ پشکنین.