یڵماز تونچ: هیچ دانوستاندنێکمان لەگەڵ دەم پارتی نەکردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا رەخنە لە لێدوانی بەرپرسانی دەم پارتی دەگرێت و دەڵێ، هیچ دانوستاندنێکیان لەگەڵ دەم پارتی نەکردووە و هیچ پرۆسەیەکی دانوستاندنیش لە ئارادا نییە.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی نیسانی 2025، پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
سەبارەت بە لێدوانی بەرپرسانی دەم پارتی، وەزیری دادی تورکیا گوتی: "هیچ دانوستاندنێکمان لەگەڵ دەم پارتی نەکردووە. ئەوان داواکارییان بۆ زیندانییەکان هەبوو. هیچ پرۆسەیەکی دانوستاندن لە ئارادا نییە".
تولای هاتیمۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی 29ـی نیسان سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری گوتی: "پێش هەموو شتێک، پەیوەندی و ئازادیی کارکردنی ئۆجەلان کلیلی هەنگاونانە و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی دەسەڵاتدایە".
تونچ لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکدا لەسەر ئەو بابەتە گوتی: "تۆپ لە گۆڕەپانی دەسەڵاتدایە چۆن گوتنێکە؟ ئێمە لێرە یاری بە تۆپ ناکەین، لێرەدا پرسێکی جیدی هەیە کە رێگریکردنە لە تیرۆر، پێویستە مرۆڤ پاڵپشتی ئەو هەوڵانە بکات و خۆی لە لێدوانێک بەدوور بگرێت کە زیان بەو هەوڵانە بگەیەنێت".
وەزیری داد دەڵێ: "لەگەڵ دەم پاری دانوستانمان نەکردووە. ئەوان داواکارییان بۆ زیندانییەکان هەبوو. هیچ پڕۆسەیەکی دانوستاندن لە ئارادا نییە".
وەزیری دادی تورکیا گوتیشی: "گەورەترین بەربەستی بەردەم ئەم وڵاتە بەڵای تیرۆرە. کاردەکەین بۆ رزگاربوون لە بەڵای تیرۆر. لەم رووەوە قۆناخێکی گرنگمان تێپەڕاندووە، دەمانەوێت لە بەڵای تیرۆر رزگارمان بێت. دوای گوتارەکەی بەڕێز باخچەلی لە تشرینی یەکەم و دوای ویستی بەڕێز سەرۆککۆمارمان، دۆخێک هاتە ئاراوە و بانگەوازی ئیمراڵی کرا. ئەم بانگەوازە بۆ رێکخراوی تیرۆر بوو".
یڵماز تونچ لەبارەی سووریا و رۆژئاوای کوردستانیش گوتی: "خەباتی ئێمە دژی هەڕەشەی تیرۆر لە دەرەوە بەردەوام دەبێت، سیاسەتی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا بەردەوامە. ئەم بابەتە بۆ تورکیا زۆر گرنگە."