لە تورکیا و باکووری کوردستان سنووری برسێتی گەیشتە 766 دۆلار

رووداو دیجیتاڵ
 
بەپێی نوێترین راپۆرتی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی تورکیا (تورک-ئیش)، لە تورکیا و باکووری کوردستان سنووری برسێتی بۆ 34 هەزار و 587 لیرە (766 دۆلار) بەرزبووەتەوە و سنووری هەژارییش گەیشتووەتە 112 هەزار و 661 لیرە (2493 دۆلار). 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30 ـی نیسانی 2026 کۆنفیدراسیۆنی تورک-ئیش ئەنجامی راپرسیی سنووری برسێتی و هەژاریی مانگی نیسانی بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتەکە لە مانگی نیسانی 2026ـدا، سنووری برسێتی بۆ 34 هەزار و 587 لیرە (766 دۆلار)  بەرزبووەتەوە و سنووری هەژاریش گەیشتووەتە 112 هەزار و 661 لیرە (2493 دۆلار). 
 
تێچووی ژیانی کرێکارێکی سەڵت بۆ 44 هەزار و 802 لیرە (992 دۆلار) بەرزبووەوە؛ بەمەش جیاوازیی نێوان کەمترین مووچە و تێچووی ژیان گەیشتە 16 هەزار و 726 لیرە (370 دۆلار). لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە گرانبوونی نان، باری سەرشانی خێزانە کەمداهات و هەژارەکانی قورستر کردووە و دەستگەیشتن بە خۆراکی سەرەکیی قورستر کردووە.
 
راپۆرتی تورک-ئیش، لەبارەی سنووری برسێتی و هەژارییەوە، جارێکی دیکە ئەوەی دەرخست کە چینە هەژار و مووچەخۆرەکان لە تورکیا لەژێر گوشارێکی قورسی بژێویدان. بەگوێرەی توێژینەوەکە، بۆ خێزانێکی چوار کەسی کە لە ئەنقەرە دەژین، تەنیا بۆ ژیانێکی تەندروست، هاوسەنگ و تێرکەر (تێچووی مانگانەی خۆراک)، پێویستە بەلایەنی کەمەوە 34,586.86 لیرە (766 دۆلار) خەرج بکرێت. کاتێک تێچووەکانی وەک کرێ، هاتووچۆ، پەروەردە، تەندروستی و پێداویستییە سەرەکییەکانی دیکە دەخرێنە سەر تێچووی خۆراک، پێویستە داهاتی مانگانەی ئەو خێزانە بەلایەنی کەمەوە 112,660.80 لیرە (2493 دۆلار) بێت.
 
تێچووی مانگانەی کرێکارێکی سەڵت گەیشتە 44,802.03 لیرە (992 دۆلار) . ئەم وێنەیە ئەوە دەردەخات کە ئەو خێزانانەی تەنیا بە یەک مووچە دەژین، جیاوازیی نێوان داهات و خەرجییان رۆژ لە دوای رۆژ قووڵتر دەبێتەوە. 
 
لە چوارەمین مانگی ساڵدا، کورتهێنانی بودجەی کرێکارێکی وەرگری کەمترین مووچە، بە بەراورد بە مانگی رابردوو 2 هەزار و 217 لیرە (49 دۆلار) زیادیکردووە.
 
هەڵاوسانی چێشتخانە خێرابوو
 
بەگوێرەی داتاکانی توێژینەوەکە، هەڵاوسانی چێشتخانە (مەتبەخ) لە مانگی نیساندا بە بەراورد بە مانگی رابردوو 5.47٪ زیادیکردووە. لە 12 مانگی رابردوودا ئەم گرانبوونە گەیشتووەتە 43.90٪ و لە چوار مانگی یەکەمی ساڵیشدا بە گشتی بە 14.74٪ تۆمارکراوە.
 
بەگوێرەی توێژینەوە مەیدانییەکەی تورک-ئیش:
 
شیر و گۆشت: نرخی شیر و بەرهەمە شیرەمەنییەکان کەمێک بەرزبووەتەوە. لە گۆشتی سووردا دابەزینێکی سنووردار بەدیکراوە، بەڵام نرخی ماسی بەرزبووەتەوە. نرخی گۆشتی مریشک و هێلکە بە بەراورد بە مانگەکانی رابردوو دابەزیوە.
 
دانەوێڵە: لە گرووپی دانەوێڵەدا نیسک گران بووە، بەڵام نرخی نۆک، فاسۆلیا و نیسکی سەوز کەمێک دابەزیوە.
 
میوە و سەوزە: بە پێچەوانەی مانگی رابردوو، نرخی میوە جارێکی دیکە بەرزبووەتەوە، بەڵام نرخی سەوزە کەمێک دابەزیوە. تێکڕای نرخی کیلۆیەک سەوزە بووەتە 102.35 لیرە و میوەش  131.50 لیرە.
 
نان: لە ئەنقەرە نرخی نانێکی 200 گرامی بۆ 17.50 لیرە بەرزبووەتەوە؛ لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم گرانبوونە راستەوخۆ باری سەرشانی خێزانە هەژارەکان زیاد دەکات.
 
رۆن و بەرهەمەکانی دیکە: رۆنی گوڵەبەڕۆژە، مارگارین، رۆنی زەیتوون و کەرە گران بوون. هەروەها نرخی چا و هەنگوین بەرزبووەتەوە، بەڵام شەکر و مرەبا لە ئاستێکی سنوورداردا ماوەتەوە.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە لە زۆربەی خێزانەکانی تورکیا داهات تەنیا لەلایەن یەک کەسەوە دابین دەکرێت. ئەم دۆخەش وای کردووە کە مووچەی ئێستا، بەتایبەتی کەمترین مووچە، بەشی دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان نەکات.
 
ئەم داتایانە لەکاتێکدان، کەمترین بڕە مووچە بۆ ساڵی 2026 لە تورکیا بە 28 هەزار و 75 لیرە (621 دۆلار) دیاریکراوە. لە تورکیا و باکووری کوردستان، نزیکەی 30٪ـی هێزی کار بە "کەمترین بڕە مووچە" کار دەکەن و ئەم گرانبوونەی تێچووی ژیان کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر گوزەرانیان دروست کردووە.